کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ بەردەوامن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێبورانی ڕێگای شەهیدان، به بۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ڕێبەری بە توانا و ناوداری کورد شەهید دوکتور قاسملوو لە شەوی ۲۲ی پووشپەڕ بە شێوەیەکی بەرین کاری تەبلێغییان بەڕێوە برد.
ئەم شارانەی کە چالاکیی تەبلیغییان تێدا بەڕێوە چوو بریتیین لە سنە؛ "ڕێگای گوێزه کوێر، لووتکەی ئاویەر، کانی ماماتکا، ڕێگای حەوت ئاسییاو کە تێیدا بە شێوەیەکی بەرین و بەربڵاو چالاکیی تەبلیغی کرا و وێنە و تراکتی تایبەت بە شەهیدانی ڤییەن بڵاو کرایەوە.
لەو ڕۆژەدا کە تێکۆشەرانی دێموکرات چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە، خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە و شوێنانە کردبوو.
هاوکات لە ناو خەڵکەکەشدا چڵکاوخۆرانی سەر بە ڕێژیمی ئێران هاتوچۆی خەڵکیان کۆنتڕۆڵ دەکرد.
هەروەها ڕۆڵەکانی دێموکرات لە شاری مەهاباد بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ وێڕای پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبەرانی شەهیدان و شەهیدانی کوردستان لە شوێنەکانی وەک "ڕووبەڕووی تێرمیناڵی قەدیم و مەدرەسەی کارودانیش ( ڕێک کۆڵانی پێش قوتابخانە) چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.
هاوکات لە شاری ورمێ قارەمانانی دێموکرات لە مەرگەوەڕی ورمێ بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵکرد و لەگەڵ شەهیدانی ڤییەن پەیمانی وەفاداریان نوێ کردەوە.