کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە شێوەیەکی بەرچاو نرخی "تفاق" لە ئێران بەرز بووەتەوە

12:28 - 23 پووشپەڕ 2721

هەڵسەنگاندنی نرخی هێندێک لە جۆرەکانی "تفاق" پیشان دەدات کە "کا" لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، ٤٧٠ لەسەد هەڵکشاوە و لە کیلۆیەک ٥٠٠ هەتا ٦٠٠ تمەن بە پتر لە ٤ هەزار تمەن گەیشتووە.

هەروەها نرخی "جۆ"ـی تفاق ١٨٣ لەسەد هەڵکشاوە و لە کیلۆیەک نزیک بە ٢ هەزار تمەن گەیشتووە بە نزیک ٦ هەزار تمەن.

ئەمساڵ وەرزێڕان لە بارودۆخێکی زۆر دژواردا بوون، بە شێوەیەک کە ئەگەر بەرپرسان بۆ دابینکردنی کەمیی تفاق لە مانگەکانی داهاتوودا هەنگاوی بەکردەیی هەڵنەگرن، لە ساڵی داهاتوودا ئێران لەگەڵ کێشەی دابەزینی بەرهەمی گۆشت و شیرەمەنی ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

وشکەساڵی و نەبوونی بەڕێوەبەریی شیاو لە هەموو بەشەکاندا، ناڕەزایەتیی گشتگیری خەڵکی کوردستان و ئێرانی لێکەوتووەتەوە.

لە پارێزگای"خووزستان" بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە نەبوونی تفاق بۆ مەڕوماڵاتەکانیان خۆپیشاندانی جیاواز بەڕێوە چووە و وەرزێڕەکان گامێشەکانیان بردووەتە نێو فەرمانگە حکوومەتییەکان.

لەلایەکی دیکەوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە شاری "ئیسفەهان" وەرزێڕان بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە نەبوونی ئاو و تفاق، لە پێش پارێزگاریی ئەو شارە "مانگاکانیان" سەر بڕین.

وێڕای وشکەساڵی، کێشە و ئاستەنگی دیکەش بەرۆکی وەرزێڕانی گرتووەتەوە؛ ئەو وەرزێڕانەی لە کوردستان، بەهۆی مەڕوماڵاتەکانیان گەرمێن و کوێستان دەکەن لەلایەن سپای پاسدارانەوە بەربەستیان بۆ دروست دەکرێت یان دەست بەسەر مەڕوماڵاتەکانیان دەگیردرێت.