
وڵاتانی ڕۆژاوایی لەهەمبەر بە فەرمی ناسینی دوو ناوچەی سەربەخۆییخوازی ئۆکراین لەلایەن ڕووسیەوە کاردانەوەیان نیشان دا و داوای دانیشتنی هەرچی زووتری شورای ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانیان لەسەر ئەو بابەتە کردووە.
لەسەر بەرینبوونەوەی هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، سەرۆککۆماری ڕووسیە ڕایگەیاندووە کە سەربەخۆیی دوو ناوچەی سەربەخۆییخوازی ئۆکراینی بە فەرمی ناسیوە و داوای لە پارلمانی ئەو وڵاتە کردووە کە لەو بڕیارە پشتیوانی بکات.
ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "بوونی ئۆکراین لە ناتۆدا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ڕووسیە و ناتۆی بەوە تۆمەتبار کردووە کە هەڕەشەکانی سەر ڕووسیەی بە جدی وەرنەگرتووە و وتی کە وڵاتانی ڕۆژاوایی بێ ئەوەی لە ئامانجی ڕووسیە لەو هەنگاوە تێگەیشتبێتن، دەستیان بۆ بژاردەی گەمارۆدانان بردووە".
بەپێی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ڕێبەرانی دوو ناوچەی جوداییخوازی "دۆنتسک و لۆهانسک" لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین لەگەڵ ڕووسیە لەبابەت دروستکردنی "بنکەی نیزامی" و "کەڵکوەرگرتن لە دراوی ڕووسیە" لەو وڵاتە ڕێک کەوتوون.
هاوکات "وێلادیمێر زێلێنسکی" سەرۆککۆماری ئۆکراین وتوویەتی کە کارەکانی ڕووسیە، هەڕەشەن بۆ یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی ئۆکراین و ئاییننامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "ئێمە لایەنگری ئاشتین بەڵام خاکی خۆمان نادەین بە کەس".
وڵاتانی ئامریکا، فەرانسە و بریتانیا سەبارەت بە دۆخی پێشهاتوو لە ئۆکراین کاردانەوەیان نیشان دا و بەهۆی هەنگاوە نایاسییەکانی ڕووسیە داوای دانیشتنی شورای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیان کردووە و لەسەر یەکپارچەیی خاکی ئۆکراین جەختیان کردووەتەوە.
ڕووسیە دوو ناوچەی سەربەخۆییخوازی ئۆکراینی بە فەرمی ناسیوە و فەرمانی ڕەوانەکردنی هێزی بۆ ئەو ناوچانە دەرکردووە و وڵاتانی ڕۆژاوایی ئەو هەنگاوەی ڕووسیەیان مەحکووم کردووە.