کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێرانە

12:35 - 5 گەلاوێژ 2720

جێگری گشتیی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە کۆرۆنا ئاوێنەی کرداری ئێمەیە و تاران سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە ئێرانە.

"ئیرەج حەریرچی " جێگری گشتیی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژ، لە وتووێژێکی تێلێڤێزیۆنیدا ڕایگەیاندووە کە تاران سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێرانە و لە ئێستادا ڕۆژانە لەو شارەدا ٦٠٠ کەس بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆناوە دەخەوێندرێن.

ناوبراو لە شرۆڤەی وردەکارییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا وتوویەتی: "هیچ بەڵگەیەک نییە ئەو کەسانەی کە کۆرۆنایان گرتووە چاک بووبێتنەوە، بۆیە تا کاتێک ڕێژەی نەخۆشە خەوێندراوەکان بەرەو هەڵکشان بێت، ئاماری قوربانییانیش زۆر دەبێتەوە، بەداخەوە لەنێوان ٥ تا ١٠ لەسەدی خەوێندراوەکان دەمرن".

لە حاڵێکدا کە بەرپرسانی ڕێژیم بۆ خۆیان دان بە دۆخی کۆرۆنا لە تاراندا دەنێن، لەلایەکی دیکەوە گیانی خەڵک بایەخی نییە لە لایان و ڕێکارێکی دروست بۆ کۆنترۆڵی ئەو نەخۆشییە ناگرنە بەر.

هەروەها "حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە عاشوورا و تاسووعا دەبێ لە هەموو شارەکان بە پاراستنی پرۆتۆکۆلە تەندروستییەکان بەڕێوە بچێت.

ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە ڕێژیم زیاتر لەوەی کە لە بیری گیان و ژیانی خەڵکدا بێت، لە بیری پتەو هێشتنەوەی ئەستۆندەگی دەسەڵاتداریی خۆیەتی.