کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران لاوازتر لەوەیە کە بتوانێت دژی ئیمارات هەوڵێک ئەنجام بدات

11:28 - 30 گەلاوێژ 2720

هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای ئەو هەڕەشانەی کە لە سەرەتادا دەستی پێکرد، چارەیەکی جگە لە قەبووڵکردنی پێوەندییەکانی ئیمارات و ئیسرائیل نییە.

هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' لەو ڕاپۆرتەدا نووسیویەتی، ڕێژیمی ئێران تەنانەت بەپێچەوانەی هەندێک لە وڵاتان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، باڵوێزی خۆی لە ئیمارات بانگهێشت نەکردەوە و یان پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئیمارات نەپچڕاند.

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی یەکێک لە پەردەکانی پێوەندیی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەیە  و ڕێژیمی ئێران ئامادە نییە کە تێپەڕگەی گرینگی بازرگانیی خۆی لەگەڵ دەرەوە لە دەست بدات.

لە ئێستادا گەمارۆکانی ئامریکا هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی هەتا ئاستێکی زۆر کەم کردووەتەوە و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتەی دژوار کردووە.

هەواڵدەریی ''ئیرنا'' سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە مانگی ژووئەنی ڕابردوو دانی بەوە دانا کە ئێستاش بەشێکی  گرینگ لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران لە ڕێگای ئیماراتەوە ئەنجام دەدرێت.

زۆرێک لە کارناسانی سیاسی لە سەر ئەو باوەڕەن کە ئاسایبوونەوەی پێوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات کە گرینگترین شەریکی بازرگانیی ئێران لە ناوچەکەیە، بۆ ڕێژیمی ئێران شکستێکی گەورەیە.