کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران و باکوو هەڕەشە لە یەکتری دەکەن

11:37 - 7 رەزبەر 2721

''مەحموود عەباس زادە" وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی و سیاسەتی دەرەوە لە مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی، هەڵوێستەکانی وڵاتانی ناوچە دەبێ بە چەشنێک بێتکە  بە قازانجی وڵاتانی بیانی و بە تایبەتی ئیسرائیل نەبێت.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی تاران وتوویەتی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی "قەرەباغ" ئێمە لە باڵاترین ئاستی سیاسیدا هەوڵی بۆ دەدەین و ڕێز بۆ سنوورە نێودەوڵەتییەکان دادەنێین.

لە شەڕی نێوان "کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستانـ"ـدا سنووری ئێران لەگەڵ ئەرمەنستان نەما.

لەلایەکی دیکەوە ئیسرائیل لە وڵاتی "کۆماری ئازەربایجان" پایگای هەیە و ڕێژیمی ئێران بەو بابەتە زۆر نیگەرانە.

پێشتر میدیاکان بڵاویان کردبووەوە کە شەڕی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان دۆخێکی خراپ بۆ ئێران دروست دەکات. لە نێوخۆی ئێران گەمارۆکانی ئامریکا دۆخێکی سەختی دروست کردووە. لە دەرەوەش وڵاتانی عەرەبی خەریکی مامەڵەی ژێئۆپۆلیتیکی خۆیانن.

لە ئێراندا نزیک ٢٠ ملیۆن ئازەری زمان هەیە کە مەترسییەکی جیددییە بۆ سەر ئەمنییەتی ئێران. تارانیش نایهەوێت لەو شەڕەدا شکست بخوات، بەڵام دەستێکی لاوازی هەیە.

بە زمانێکی ساکار، ئێران لە پێگەیەکدا نییە کە بتوانێت دژکردەوە بە ئازەرییەکان پیشان بدات. کۆمەڵگای ئازەری لە ئێراندا ئەمڕۆ بە ئاگایی و جۆش و خرۆشەوە لە پشت باکوویه.

ئێران وڵاتێکی چەند میللییەتییە و تاران ئامادەیی ئەوەی نییە پێش بە شۆڕشی نەتەوە سەرکوتکراوەکان بگرێت.