کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاقم و گرووپە تێرۆریستییەکان سەردانی ئێران دەکەن

19:33 - 10 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: هەیئەتێک لە میلیشیاکانی "النُجباء"، حەوتووی داهاتوو بۆ ئێران سەفەر دەکەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڕێژیم کۆ دەبنەوە.

پاش ئەم سەردانە دواییانەی بەرپرسانی باڵای "حەماس"، گرووپێک لە ئەندامانی "النُجباء"ش، بۆ ئێران سەفەر دەکەن.

نوێنەرانی گرووپە میلیشیا و تێرۆریستییەکانی ناوچەکە کە لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لە کۆبوونەوەیەکدا لەژێر ناوی "لێکدانەوەی ئاکامە نەرێنییەکانی حوزووری ئامریکا لە ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا"، بەشداری دەکەن.

هەیئەتێک لە میلیشیاکانی بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامیی "النُجباء"، بە سەرپەرستیی جێگری سکرتێری گشتی و وتەبێژی فەرمیی ئەم ڕێکخراوەیە، حەوتووی داهاتوو دەچێتە تاران.

"النُجباء"، یەکێک لە گرووپە نیزامییەکانی سەر بە "حەشدی شەعبیـ"ـیە و لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت.

ئەم گرووپە بڕیارە لەگەڵ ئاخوندەکان و بەرپرسانی باڵای نیزامی و سیاسیی ڕێژیم، دیدار پێک بهێنن.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ١٤ی ڕەشەممە ساڵی ٩٧، ئەم گرووپەی کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، بەفەرمی خستە نێو لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە.

ئەم گرووپە وێڕای ئەوەی کە یەکێک لە چڵەکانی حەشدی شەعبییە، هاوشان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، لە سووریەدا شەڕ دەکات.

هەرچەندە کاناڵە دیپلۆماتییەکان لە جیهاندا لەسەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەبەسترێت، هاتوچۆ و سەردانی ڕێبەرانی تاقم و گرووپە تێرۆریستی و میلیشیاکان و هەروەها گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیم، لە وڵاتی ئێراندا زۆرتر دەبێت و ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە ڕێژیمی تاران زۆرتر لە هەمیشە هەست بە مەترسی دەکات و دەزانێت کە لەنێوچوونی نزیکتر بووەتەوە.