کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوانی زارا و ئەرکی ئێمە

16:28 - 2 رەشەمه 2720

ئاسکە حەسەن زادە

٢١ی فێڤرییەی هەمو ساڵێک، وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیی ناودێر کراوە. یادکردنەوەی ئەم بۆنەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژ پێشتر،  لە  دادگایەکی بێدادی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بڕیاری ٥ ساڵ زیندان بۆ زارا محەممەدی، چالاکی فەرهەنگی و مامۆستایەکی خۆبەخشی فێرکاریی زمانی کوردی لە پارێزگای سنە،  پشتڕاست کرایەوە. تاوانی زارا لەلایەن دادگای بێدادی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، تێکدانی باری ئاسایشی ڕێژیمە، تۆمەتێک کە بڕیاری زیندانیکردنی زارای بە دواوە بووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیی بە جۆرێک یادکردنەوەی زارا بووە. واتە تێکەڵەیەک لە بابەتی زمان و کەیسی زارا، لە ڕۆژەڤی باس و خواستی ڕای گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنییدا بووە کە بە ڕۆحی بەرگریی تەواو لە زمانی دایکی و بەرگری لە زارا، ئاوێتە بووە.

لەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیی و وەک هەڵوێستێک بۆ بەرگری لە زارای نیشتمان بڵاو بووەتەوە، ڕاستییەک بەرچاوە "ئەگەر بەرگری لە زمانی دایکیی تاوانە، ئێمەش تاوانبارین". لە ڕاستیدا مانای ئەم تاوانباربوونە، ئەرکداربوونی سەرجەم چین و توێژەکانی ڕۆژهەڵات دەگەیەنێ کە وەک ئەرکێکی تاکەکەسی، نەتەوەیی و هەڵوێستێکی نیشتمانی  بۆ بەرگری لە مافی خوێندن بە زمانی دایکی، لە سەرجەم شارەکانی رۆژهەڵات و لە دەرەوەی وڵاتیش  دەنگ هەڵبڕن و یەکڕیزی و هاودەنگیی خۆیان لەم بارەوە نیشان بدەن.

تاوانێک کە ڕێژیم دەیخاتە پاڵ زارا، هەمان ئەو ئەرکانەیە کە زارا بە هەستێکی نەتەوەیی و بە ئیرادەیەکی تەواو بۆی تێکۆشاوە. تاوان یان هه‌مان ئەرکی زارا ئەوەیە کە کار و تێکۆشانەکەی لە پێناو پاراستن و گەشەی زمانی دایکیی بووە. زمانێک کە هەڕەشەی تواندنەوەی لە سەرە و ڕێژیم بە هەموو شێوەیەک وەک پلان و سیاسەتێکی نگریس کاری لە سەر دەکات.

کە واتە بێدادی و ستەمەکانی ڕێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی، ئەرکی ئێمە ڕوونتر دەکاتەوە.  پاراستنی ناسنامە و کوردبوون و بە کوردی ژیان بردنە سەر ئەو ئەرکە گەورە و گرانەیە کە دەبێ هەموو تاکێکی کورد شانی وەبەر بدات، بە جۆرێک کە هەموومان بە پشتیوانی لە زارا و بە ئاراستەی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەییماندا خۆمان بە ئەرکدار بزانین و ئەم پەیامە بۆ منداڵە چاوگەشەکانی کوردستان و نەوەی نوێ بگوازینەوە.

شەپۆلی ناڕەزایەتیی ڕای گشتیی ڕۆژهەڵات سەبارەت بە کەیسی زارا و زاراکانی دیکەی ناو بەندیخانەکان، شەپۆلێکی ورەبەخشە و ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێ کە ئەگەر پاراستنی ناسنامە و تەنانەت هەوڵدان بۆ مافە سەرەتاییەکان کە خوێندن بەزمانی دایکیی یەک لەوانە، دەبێ بڵێین هەموومان تاوانبارین و ئەو ئەرکە پیرۆزە دەخەینە سەر شانی خۆمان. ئەگەر لەم بارەیەوە درێغی بکەین ئەو کات بە مانای واقعیی خۆی تاوانمان کردووە.

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز پیرۆز بێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.