کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵانچییانی ئاسەوارە مێژوویەکان لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە پێشیان پێ دەگیردرێت

13:49 - 31 بانەمەڕ 2720

شەوی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، شەش کەس لە تاڵانچییانی ئاسەوارە مێژووییەکان کە دەیانویست شوێنێکی مێژوویی لە گوندی ''ماسیەری شێخ'' له‌ ناوچه‌ی‌ خورخوڕه‌ی‌ سه‌قز تاڵان بکەن، لەلایەن خەڵکی ئەو گوندەوە ڕاو نراون.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو تاڵانچییانە سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانن و بۆ چاوترسێنکردن بە خەڵکی گوندی ''ماسیەر شێخـ''ـیان ڕاگەیاندووە کە ئێمە لەلایەن حەراسەتی سپا و ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە هاتووین و کاری تایبەتمان هەیە و هەر بەو بۆنەوە ڕێگای هاتوچۆی ئەو گوندە و ناوچەکەیان لە خەڵک گرتووە.

خەڵکی ئەو گوندە و ناوچەکە لەو کارەی ئەو مۆرانەی ڕێژیم تووڕە بوونە و بە یەکگرتووییەوە پێش بەو کارەیان گرتوون.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لە کۆی ئەو شەش کەسە، چەند کەسێکیان بە فارسی قسەیان کردووە و ئەوانی دیکە جاش و بەکرێگیراوی ڕێژیم بوون.

کوردستان کە لە ڕووی مێژووییەوە، مێژوویەکی دێرینی هەیە و ئاسەوارە مێژووییەکان دەرخەری ئەو ڕاستییانەن، بەڵام ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵدایە مێژوو، زمان و کولتووری کوردستان بەتەواوی ئاسمیلە بکات و بیسڕێتەوە.