کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵاوی "دووڕگە سەنگـ"ـی نەغەدە ئاگری تێبەردرا

12:44 - 19 خاکەلێوه 2722

ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٨ی خاکەلێوە تاڵاوی "دووڕگە سەنگـ"ـیی شاری نەغەدە سەر بە پارێزگای ورمێ لەلایەن کەسانی سەر بە ڕێژیم و دژەژینگە ئاگری تێبەر درا.

بەپێی وتەی یەکێک لە شایەتحاڵان دوای ئاگرکەوتنەوەی تاڵاو تەنیا هاووڵاتییانی خەڵکی شاری نەغەدە و گوندەکانی دەورووبەری لەوپەڕی دڵسۆزییەوە هەوڵیان داوە ئاگرکە بکوژێننەوە.

هەروەها ئەو هاووڵاتییە باس لەوە دەکات بەرپرسانی ڕێژیم زۆر بە درەنگی هاتوونەتە شوێنی ئاگرەکە و دوای گەیشتنیشیان هیچ هەوڵێکیان نەداوە ئاگرەکە بکوژێننەوە تەنیا خەریکی وێنەگرتن لە خۆیان و ئاگرەکە بوونە.

تاڵاوی "دووڕگە سەنگـ"ـیی نەغەدە لە نزیک گوندی دووڕگە سەنگ و لەسەر جادەی مەهاباد ـ ورمێ هەڵکەوتووە.

پانتایی ئەو تاڵاوە نزیک بە ٣٨٠ هێکتارە و گیاوگوڵی دەورووبەری تاڵاو و جۆرەکانی ئەو باڵندانەی کە لەنێو تاڵاودا ژیان دەکەن؛ دیمەنێکی جوانی بە سروشت و تاڵاوەکه بەخشیوە.

تاڵاوی "دوڕگە سەنگ" یەکێک لە ١٧ تاڵاوی وەرزی و هەمیشەیی شاری نەغەدە دێتە هەژمار و ناوی لە کۆنوانسیۆنی "ڕامسەر"دا تۆمار کراوە.

بە وتەی شایەتحاڵان نزیک بە ٤٠ هێکتار لە تاڵاو ئاگری گرتووە و خەسارێکی زۆر بە ژینگەکە گەیشتووە.