کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"تاڵبان" دژایەتیی فرە ژنیی کردووە

11:42 - 21 بەفرانبار 2720

"هێبەتوڵڵا ئاخوندزادە"، ڕێبەری گرووپی "تاڵبان"، بوونی سوننەتی فرە ژنیی لەنێوان بەرپرسانی "تاڵبان" ڕێگەپێنەدراو ڕاگەیاندووە.

 بەپێی بەڵگەیەکی تایبەت کە لە میدیاکاندا بڵاو کراوەتەوە، "ئاخوندزادە" لە بەرپرسانی پلە باڵای "تاڵبان" داوای کردووە کە لە هێنانی ژنی دووهەم، سێهەم و یان چوارەم دووری بکەن.

تاڵبان کە گرووپێکی سوننە مەزهەب لە ئەفغانستانە و لە ڕۆحانییەکانی سوننی پێک هاتووە، لە ساڵی ٢٠٠١ـەوە هەتاکوو ئێستا خەریکی شەڕ لە "ئەفغانستانـ"ـن. ئەم گرووپە لە ساڵی ١٩٩٤ دامەزراوە.

"تاڵبان" پاش گرتنی ئەفغانستان، لە ساڵی ١٩٩٦ هەتا ٢٠٠١، لەژێر ناوی "ئیماراتی ئیسلامیی ئەفغانستان" لە سەر ئەم وڵاتە حکوومەتی کردووە.

ئەگەرچی "تاڵبان" گرووپێکی توندڕەوی ئیسلامییە بەڵام دەرکردنی ئەو بڕیارە بە مانای چاکسازییەکە لە بیروبۆچوونی ئەو گرووپەدا.