کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵەبان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە تەیار دەکرێت

11:40 - 7 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: چەکدارەکانی تاڵەبان لە ئەفغانستان، بەو چەکوچۆڵانەی کە دروستکراوی ئێرانن، شەڕ دەکەن.

کرامەلدین ڕەزازادە، یەکێک لە ئەندامانی مەجلیسی نوێنەرانی ئەفغانستان، ڕۆژی شەممە ٦ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، ئاشکرای کردووە، کە ملیشیاکانی تاڵەبان بە چەکوچۆڵی ئێرانی لە ناوچەی غووری ئەفغانستان، دژ بە هێزە ئەمنییەتییەکانی دەوڵەتی ئەفغانستان شەڕ دەکەن.

ئەو نوێنەرەی مەجلیس باسی لەوە کردووە، کە ئەو چەکوچۆڵانەی کە لە هێزەکانی تاڵەبان بەدەست کەوتووە، دروستکراوی ئێرانن.

هێزەکانی تاڵەبان لە دوو حەوتوو ڕابردووەوە، لە بەشی ڕۆژئاوای شاری فیرووزکێو، ناوەندی پارێزگای غوور، هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر هێزەکانی دەوڵەتی ئەفغانستان دەست پێ‎ کردووەتەوە.

 لەو پەیوەندییەدا، غۆڵامناسر خاسع، پاێزگاری غوور و وەلی‎محەممەد ئەحمەدزی، فەرماندەی هێزی قول ئوردووی ٢١٥ی مێوەند، وڵاتانی دراوسێی و بەتایبەت پاکستان و ئێرانیان بەوە تاوانبار کردووە، کە کەرەستە و چەکوچۆڵی سەربازی دەدەنە هێزەکانی تاڵەبان.

پێشتریش محەممەد بن سەلمان، شازادەی عەرەبستان، کۆمەڵێک بەڵگەی ئاشکرا کردبوو، کە هێزەکانی تاڵەبان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، مەشقیان پێ دەکرێت و لە بواری چەکوچۆڵی سەربازی و هەروەها پارەی نەختی تەیار دەکرێن.