کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: بۆ وەرگرتنەوەی کەرەستە نیزامییەکانی ئامریکا لە تاڵبان دەبێ هێزی نیزامی بەکار بێنین

13:16 - 9 خەرمانان 2721

''دانڵد ترامپ'' سەرکۆماری پێشووی ئامریکا، لە کاردانەوە بە چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان لە بەیاننامەیەکدا نووسیەتی: ''ئەگەر تاڵبان کەرەستە نیزامییەکانی ئامریکا ڕادەست نەکاتەوە یان دەبێت بە هێزی نیزامیی بەبڕشت برۆینە ئەفغانستان کەرەستەکان بستێنیەوە، یان لانیکەم بە بۆمب لەنێویان بەرین، هیچ کەس وەها گەمژییەکی وێنا نەدەکرد''.

''ترامپ'' باسی لەوە کردووە چوونەدەر لە ئەفغانستان لەلایەن''جۆ بایدنـ''ـەوە خراپترین کۆتاییهێنانی شەڕ لە مێژووی ئامریکا بوو.

ناوبراو وتوویەتی: "ئەگەر تاڵبان هەتا ئاخرین پێنی لە ٨٥ میلیارد دۆلار کەرستەی نیزامیی بەجێ ماوی ئامریکایی لە ئەفغانستان ڕادەست نەکاتەوە، واشنتۆن دەبێ بەهێزی بەبڕشتی نیزامیی دژی ئەو گرووپە کاردانەوە پیشان بدات".

ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەرمانان وەزارەتی بەرگریی ئامریکا بە فەرمی ڕایگەیاند کە چوونەدەرەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان کۆتایی پێ هات.

گرووپی تاڵبان لەو ماوەیەدا دەستی بە سەر بەشێکی زۆر لە چەکوچۆڵی ئامریکایی کە لە دەست ئەرتشی ئەفغانستان دابوو گرت و ئەمە نیگەرانیی زۆری دروست کردووە.