کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ سەبارەت بە دابەزینی نرخی نەوت دەستخۆشیی لە عەرەبستان کرد

10:22 - 1 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتوووەکانی ئامریکا، سەبارەت بە دابەزینی نرخی نەوت، دەستخۆشی لە عەرەبستان کرد؛ ئامریکا بە هاندانی عەرەبستان، بە بەردەوامی خوازیاری بەرهەمهێنانی زیاتری نەوت بووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، دانڵد ترامپ، سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە هەمبەر دابەزینی نرخی نەوت، دەستخۆشی لە وڵاتی عەرەبستان کرد.

ترامپ لە تووئیتێکدا نووسیویەتی: "نرخی نەوت دابەزیوە، زۆر باشە! وەکوو دابەزینێکی ماڵیاتیی گەورە بۆ ئامریکا و جیهانە. چێژ ببەن! ٥٤ دۆلار، لە حاڵێکدا کە ماوەیەک لەوە پێش ٨٢ دۆلار بوو. سپاس عەرەبستان، بەڵام بهێڵە با نرخەکە زۆرتر دابەزێت!"

وڵاتی عەرەبستان لە مانگی نوامبردا زۆرتر لە ١١ میلیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی ڕابردوودا زۆرتر لە ٣٠٠ بەرمیل زیادی کردووە.

ڕەوتی دابەزینی نرخی نەوت لە ڕۆژانی ڕابردوودا، خێراییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بە شێوەیەک کە ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، تووشی دابەزینی ٧ لە سەدی بوو.

زۆربوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن وڵاتی عەرەبستانەوە، پاش ئەوە هاتە ئاراوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بە هاندان و هەروەها داواکاری لە چەندین وڵاتی دیکە، بەردەوام داواشی لە عەرەبستان کرد کە بەرهەمهێنانی خۆی لەو بوارەدا زۆرتر بکاتەوە هەتا لە ئاکامدا نرخی نەوت دابەزێ.