کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: لە کۆتاییدا بەرپرسانی ڕێژیم ژیر دەبن و وتووێژ دەکەن

11:07 - 13 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئامریکا هیوادارن بە هۆی وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوەکان، لە کۆتاییدا بەرپرسانی ڕێژیم ناچار بە وتووێژ دەبن.

دانڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بە پێداگریی لەسەر وەگەڕخرانەوەی "توندترین گەمارۆوەکان" بۆ سەر ڕێژیم، باسی لەوە کردووە: کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران "زۆر ژیر دەبن" و بۆ وتووێژ لەسەر ڕێککەوتنی ناوکیی نوێ دەگەڕننەوە.

ناوبراو ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ١١ی خەزەڵوەر، لە نێو ئاپۆڕای لایەنگرانی لە ئیالاتی ئایندیانا، لە بەرجام وەکوو ڕێککەوتنێکی زۆر خراپ ناوی بردووە و وتوویەتی: لە جیاتی ئەو ڕێککەوتنە، "توندترین گەمارۆوەکان بە دژی ئەم ڕێژیمە بێڕەحمە وەگەڕ دەخەین".

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە ڕۆژێ دێت بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، "زۆر ژیر دەبن و بە مەبەستی ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانە کە گەشەی تێدا بەدی بکرێت دەگەڕننەوە سەر مێزی وتووێژ، چونکە ئێمە خوازیاری گەشەین.

ترامپ لە قسەکانیدا بە ئاماژە بە پێشنیاری دیدار لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی، چەند جار پێداگری کرد، کە لە کۆتاییدا ڕێژیم ناچارە بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئامریکا بگەڕێتەوە.

بەپێچەوانە خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم، لەگەڵ دەربڕینی پەشیمانیی لە ڕاستای وتووێژی پێشتر لەگەڵ ئامریکا، وتوویەتی: وەکوو خومەینی دامەزرێنەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، وتووێژ لەگەڵ ئامریکا قەدەغە دەکات.

ناوبراو، ڕۆژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەر، ڕۆژێک پاش لێدوانی بەرپرسانی ئامریکایی لە بارەی گەڕانەوەی سەرجەم گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمەکەی، باسی لەوە کردووە: کە دەڵێن ئەم گەمارۆوانەی ئامریکا هەوڵێکی نوێ بە دژی ئێرانە، لە ڕاستیدا خۆفریودانە و ئەم کردەوانەی ئامریکا کردەوەگەلێکی نوێ نین.

خامنەیی سەرەرای هێرش بۆ سەر ئامریکا و دانڵد ترامپ، جارێکی دیکە ڕەخنەی توندی لەو کەسانە گرت، کە خوازیاری وتووێژ لەگەڵ ئامریکان.