کوردستان میدیا

یەکشەممە 18ی جۆزەردان 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ترامپ" هەڕەشەی توندی لە ڕێژیمی ئێران کرد

11:50 - 14 خاکەلێوه 2720

سەرکۆماری ئامریکا بەنیسبەت هێرشکردنە سەر هێز و بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق، هۆشیاریی دایە ڕێژیمی ئێران و گروپەکانی سەر بەو ڕێژیمە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی خاکەلیوە، "دانڵد ترامپ" لە تویتێکدا نووسیویەتی: "بەپێی زانیارییەکان، ڕێژیمی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی لە حاڵی پلانی هێرشێکی لەناکاودان بۆ سەر هێز و بنکە سەربازییەکانی ئامریکا لە عێراق. ئەگەر ئێران ئەو کارە بکات ئەوا باجێکی زۆر قورس دەدات."

میدیاکانی ئامریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوو باسیان لەوە کردبوو کە هێزە نیزامییەکانی ئامریکا بۆ ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق لە حاڵی جموجۆڵدان.

هەروەها باس لەوە کرابوو کە لەنێوبردنی گرووپی ''کاتئێبی حیزبوڵڵا'' کە سەر بە حەشدی شەعبییە، لە بەرنامەی "پێنتاگۆنـ"ـدایە.

هەروەها ڕۆژی ١١ی خاکەلێوە ئامریکا بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندی و هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دوو سیستەمی پاتریۆتی لەو وڵاتەدا جێگیر کردووە.