کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ و پادشای ئوردۆن لەسەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و قەیرانی سووریە کۆ بوونەوە

18:13 - 5 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی وەلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و پادشای ئوردۆن، لە کۆشکی سپی لەسەر مەترسییەکانی ڕێژیمی ئێران و قەیرانی سووریە لە کۆشکی سپی کۆ بوونەوە.

ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، دانڵد ترامپ و عەبدوڵڵا دووهەم، لە کۆشکی سپی لەسەر ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران و قەیرانەکانی سووریە پێکەوە وتوویژییان کرد.

لەم کۆبوونەوەیەدا جیا لە بابەتی وەکوو: هەڕەشەکانی ئێران و قەیرانی سووریە، باس لە دۆزینەوەی ڕێگاچارە و هاوکارییەکان بۆ سەقامگیریی ئاشتی و ئاسایش لە نێوان ئیسرائیل و فلستین کرا.

ترامپ لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە پاش کشانەوەی ئامریکا لە بەرنامەی ناوکیی بەرجام، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆمەڵێک پێشکەوتن بەدی کراوە و لەو کاتەوە هەموو شتێک ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە.

ئەگەرچی کشانەوەی ترامپ لە بەرجام، گوشارە ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران چەند قات بووەتەوە، بەپێچەوانەی ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرا، ڕێژیمی ئێران نەتەنیا لە هەڵسوکەوتە سیاسییە و نیزامییەکانی خۆیدا لە ناوچەکە و لە سەرکوتی خەڵکی بێدەرەتانی ئێران هیچ ئاڵوگۆڕی پێک نەهێناوە، بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کردەوەکانی تێکدەرانەتر دەبێت.