کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: کۆماری ئیسلامی لە کۆتاییدا هەر ناچار دەبێ کە مل بۆ وتووێژ ڕابکێشێ

10:28 - 5 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: دانڵد ترامپ وێڕای جەخت کردنەوەی دووبارە لەسەر بەردەوامی گوشارەکان بۆسەر تاران، بەهۆی نەخشی ڕووخێنەری کۆماری ئیسلامی لە ناوچە و جیهان، ڕایگەیاند ئەوان ناچارن لە کۆتاییدا مل بۆ وتووێژ ڕابکێشن؛ هەروەها بە گرینگییەوە و وەک فاکتێکی شوێندانەر باسی لە گەلی کورد کرد.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان دانڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە پڕێسکۆنفڕانسێکدا وێڕای ئاماژەدان بە چوونەدەری ئامریکا لە بەرجام و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی ئێران جارێکی دیکە ڕایگەیاندەوە، بەرجام نەتەنیا بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتەکەی دابین نەدەکرد بەڵکوو پێشگیری لە دەسپێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوکیش نەدەگرت و تاران دەستی ئاوەڵا کرابوو بۆ پشتیوانی لە تێرۆریزم، ئەنجامدانی چالاکی تێکدەرانە و گەشەدان بە بەرنامە مووشەکییەکانی.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: بەلامەوە گرینگ نییە کە ڕێبەرانی جیهان سەبارەت بە ئێران چۆن بیر دەکەنەوە؛ ئێرانییەکان لە کۆتاییدا هەر دێنەوە بۆ لای من و ڕێککەوتنێکی باش واژۆ دەکەین، لەوانەیە واش نەبێ بەڵام ئەوان هەنووکە ئازاری زۆر دەچێژن؛ هەنووکە لە هەموو شارەکاندا شۆڕش و سەرهەڵدان لە ئارادایە، منیش لە تەنیشت خەڵکی ئێراندام و پشتگیرییان دەکەم.

هەر لەم دانیشتنەدا دانڵد ترامپ ڕوو لە "ڕەحیم ڕەشیدی" ڕێپۆرتێری "کوردستان‌تی‌ڤی" باسی لە پشتیوانییەکانی ئامریکا لە کورد لە ڕابردوودا کردووە و وتوویەتی: ئەم یارمەتیدانەی ئێمە لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت؛ ئێمە دەسبەرداری کورد نابین و قارەمانەتی و فیداکارییان لەبیر ناکەین؛ هەروەها پێش بە ئـێرانیش دەگرین.

ترامپ لە کاتی ئاخاوتن سەبارەت بە کورد و کوردستان بە ڕێزەوە باسی لە نەتەوەی کورد کردووە و کوردستانی وەک نیشتمانی کوردان ناوزەد کردووە؛ گرینگی ئەم باسە وەک د. ڕەحیم سۆرخی دەڵێ لەوەدایە کە "ئەم لێکبەستنەوەیەی نەتەوە و نیشتمان هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی قەڵاچۆکردنی کوردان لەلایەن ڕەگەزپەرەستەکانی ناوچە کە تین و تاویان بەسەرکوتی خۆیان داوە. هەربۆیە، ئێستا یەکێتیی نەتەوەیی کوردان لەهەموو شتێک پێویستترە".