کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تراژدیی قوتابییان لە ئێران بێ کۆتاییە

18:42 - 4 خەرمانان 2720

٨٠ هەزار قوتابی لە پارێزگای "خووزستان" لە دەسپێڕاگەیشتن بە ئەپی "شاد" لە خوێندنی ئانلاین بێبەرین.

بەڕێوەبەریی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای خووزستان وتوویەتی: "٨٠ هەزار قوتابی لەو پارێزگایە کێشەی نەبوونی مۆبایل و دەسپێڕانەگەیشتن بە ئەپی شاد و خوێندنی ئانلاینیان هەیە".   

هەر لە درێژەی تراژدیای قوتابییان لە ئێران، کچانی شارستانی "سڵسڵە"ی لوڕستان بەهۆی نەبوونی قوتابخانە لە خوێندن بەجێ ماون و ڕێژەیەکی بەرچاو لە منداڵان بەتایبەتی کچان لە خوێندن دوا کەوتوون و لەو پێناوەدا لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی هەڵنەگیراوە.

بەپێی قسەی سەرۆکی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شارستانی "سڵسڵە"، لە کۆی ٢٣ گوندی ئەو شارستانە تەنیا سێ قوتابخانەی نیوە ڕووخاو و ٧ کانێکس و یەک شەوانەڕۆژییان هەیە کە ئەمەش هۆکاری سەرەکیی وازهێنانی قوتابییانە لە خوێندن.

لە ناوچەکانی دەوروبەری "سڵسڵە" بەتایبەت گەورەدێی "قەڵایی"، قوتابخانە بوونی نییە و تەنیا چەند پۆلێکی کانێکس هەیە کە تەندروستیی قوتابییان تێیاندا پارێزراو نییە.