کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی ڕێژیمی ئێران لە ئیسرائیل

11:40 - 3 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەرانبەر هەڕەشە و هێرشەکانی ئیسرائیلدا تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بووە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، سەرەڕای هەڕەشە لە ئیسرائیل، ئامریکا و ڕۆژئاوا، لە بەرانبەر هەڕەشە و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر مۆڵگەی چالاکییە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم لە سووریە، تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوونە و سەرجەم بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە لە وتار و لێدوانەکانیاندا بە ئاشکرا ئەو ترسە دەردەبڕن.

محەممەدجەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیم، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "زوددوێچە Süddeutsche Zeitung"ـی ئاڵمان، ڕایگەیاند: ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران لە ئارادایە، ئیسرائیل لە سووریەدا ئاژاوەگێڕی دەکات و شەڕ دەفرۆشێت کە ئەمەش زۆر مەترسیدارە.

جەواد زەریف، لە درێژەی قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و مۆڵگەکانی ڕێژیم لە سووری و  بەئەستۆگرتنی ئەو هێرشانە لە لایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە، لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا هەیە؟ وتی: "نازانم، بەڵام ئەم ئەگەرەش دوور چاوەڕوانی نییە".

هەروەها وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا دەستی کردووە بە چەواشەکاری و ڕایگەیاند؛ هێزەکانی ئێران لەسەر بانگهێشتی فەرمیی وڵاتی سووریە لەوێ جێگیر کراون و بە توندی ڕەخنەی لە ئیسرائیل گرت، وتیشی: "ئیسرائیل بە پێشێلکردنی سەرەوەری و سنووری ئاسمانی سووریە، یاسا نێونەتەوەیییەکان پێشێل دەکات".

محەممەدجەواد زەریف، پێشتریش لە کۆنفڕانسی ئاسایشی مۆنیخ، ئیسرائیلی بە شەڕخواز تاوانبار کردبوو و ڕایگەیاندبوو: کە کردەوەکانی ئیسرائیل و ئامریکا شەڕ و ئاژاوەکانی ناوچەکە زۆرتر پەرە پێ دەدەن.