کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترێی ڕەشی سەردەشت بەختی وەرزێڕانی ڕەشتر کردووە

13:21 - 14 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جەمسەری بەرهەمهێنانی ترێی ڕەشە، بەڵام ڕەزدارانی ئەو شارە قوربانیی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران بوونه.

نزیک بە ٥ هەزار و ٥٠٠ هێکتار باخی ترێ لە شاری سەردەشت هەیە، کە بە شێوەی سروشتی ڕواون. ساڵانە ٣٥ هەزار تۆن ترێ واتا ٩ لەسەدی ترێی پارێزگای ورمێ لەو شارە بەرهەم دێت.

هاوکات باخەکانی ترێی سەردەشت زیاتر دێمەکارییە و بەراو نین. ئەوەش خاڵێکی ئەرێنییە بۆ وڵاتی کەمئاوی ئێران.

وەرزێرانی سەردەشت باس لەوە دەکەن، کە بە زەحمەت و تێچوویەکی زۆرەوە باخەکانی ترێ وەبەر دێنن و بەخێوی دەکەن. بەڵام بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەرهەمەکیان بەفێڕۆ دەچێت و تەنیا چەند کاربەدەستێکی ڕێژیم قازانجی لێ دەکەن.

وەرزێڕان هەروەها دەڵێن: "نەبوونی نرخێکی گونجاو و پشتیوانی نەکردن لە بەرهەمهێنەرانی ترێ لە شاری سەردەشت وای کردووە، کە دەڵاڵەکان بەرهەمەکانیان بە نرخێکی زۆر کەم بۆ پارێزگاکانی وەک تاران و شارە ناوەندییەکانی ئێران ڕەوانە بکەن.

بەشێکی دیکەی کێشەی وەرزێڕان نەبوونی کارخانە و کارگەی پێویست بۆ لێگیراوەکانی ترێ لەو شارەیە، کە بەشی زۆری بەرهەمەکە لەنێو دەچێت.

وەرزێڕانی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی ماددی و مەعنەوی ناکرێن و بگره زۆرجار وەرزێڕان بۆ ئەوەی کە پارەی بەرهەمەکانیان پێ بدرێت، دەست دەدەنە مانگرتن.