ناسر مورادی
هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کۆتایی هات، بەڵام ئەم کۆتایییە دەستپێکی دۆخێکی نوێیە لە پانتای سیاسەتی نێودەوڵەتی و هاوسەنگی و لاسەنگکردنی زۆرێک لە هاوکێشەکان. ئەم "دۆخـ"ـە نوێیە، بەرایی و بەردەوامی و ئەنجام و کاریگەرییەکانی، چ وەک ئەمرێکی پراکتیک و چ وەک لایەنی تیۆریکی، پێدەچێ ئاراستەگەلی جیاوازییان هەبێت، بەڵام بەو گریمانەوە کە لە سەردەمی گرێدراویی بەرژەوەندییەکان، شوێندانەربوونی ئەم هەڵبژاردنانە لەسەر پرسی ئاسایش ، هەواڵبەندی و بەرژەوەندییە لێکترازاوەکان لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بابەتێکی جیددی و جێی تێڕامانە.
پرسێکی جیددی کە هەڵدەگرێت دەیان و دەیانی دیکە، شرۆڤە و پرسیار و شیکاریی بەدوای خۆیدا بێنێت، ئەوەیە کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا چ کاریگەرییەکی لەسەر بەستێن و ئەمری سیاسەتی ناوچەیی و هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییە پڕ لە کێشە و گرژییەکانی کۆماری ئیسلامی (وەک دەوڵەتێکی ناموتەعارف) و وڵاتان/ بەرەی دژی ئەم ڕێژیمە هەیە؟
بۆ کردنەوەی زیاتری ئەم پرسیارە، با لەسەر ئەو دیوی ئەم پرسیارە (کاریگەرییەکانی ئیدارەی جۆ بایدن لەسەر هاوکێشەکانی ئێران و ناوچەکە؟) لەنگەر بگرین و پرسێکی دیکە بورووژێنین. ئاخۆ دەنگ نەهێنانەوەی دۆناڵد ترەمپ، بە واتای شکستی سیاسەتەکانیەتی؟ ئایا دەکرێت باس لە کۆتایییەکانی ترەمپیسم بکرێت؟ بەتایبەت کە مەبەستی سەرەکیی لەم یادداشتە بەرامبەر بە پرسی ئێران و مەترسییەکانیەتی بۆ سەر وڵاتانی ناوچە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.هەر چەند لێرەدا ترەمپیسم بە کۆی ئەو دۆخ و هەلومەرجە دەوترێت کە بەرامبەر بە ئێران زاڵە و گوشارەکان تا دێ بۆ سەر ئامانج، واتە ئێران، زیاتر دەبێت و لەلایەن هاوپەیمانانی ناوچەیی واشنتۆنەوە پەیڕەو دەکرێت.
لە وەڵامی ئەم پرسیارە، دەکرێت بە پشتبەستن بە جۆرەکانی تیۆری و لێکدانەوە و تەنانەت شیکاریی بەستەرەکانی سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، وەڵامێکی تێر بێنینەوە. دەشکرێت بە گریمانەی جیاواز، ئاراستەیەکی جیاوازی بدەینێ و بڵێین لە بنەڕەتدا خستنە بەرباسی ئەم پرسیارە و پرسیاری هاوشێوە و لەم چەشنە جارێ زووە.
دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران ڕەگێکی سەرەکیی بووە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوچەیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا. ئەم دۆسیە ئەگەرچی بۆ تاران پرسێکی بەهێزی سەربازی، ئەمنی و ستراتژیکە، بەڵام بۆ وڵاتانی دژبەر و لایەن (کۆمەڵگای نێودەوڵەتی) گرینگیی خۆی هەیە و زۆر جار وەک هێڵی سوور ناوی لێبراوە، کە دیارە ئەم هێڵی سوور بوونە زۆرتر لەلایەن ئێران و ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبییەوە ئەولەوییەتبەندی کراوە و جۆرێک جەمسەربەندیی لێکەوتووەتەوە.
هێز (بە مانا گشتییەکەی) و ئاسایش (دوور لە تێگەیشتنە کلاسیکەکەی)، سەرەکیترین چەمک و بوارەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانن. لە سەردەمێکدا کە سەرچاوەکانی هێز و ئاسایش گۆڕانی بەسەردا هاتووە، کۆماری ئیسلامی ئاسایش و هێزی خۆی نە لە دەنگی کۆمەڵگاکانی ئێران (وەک جوگرافییەکی فرەنەتەوە)، بەڵکوو لە "هێزی زەبر" دەبینێتەوە. نزیکترین مانا بۆ ئەم لێکدانەوە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی سەرچاوەکانی ڕەوایی (مەشرووعییەت) نییە و بازنەی بەرژەوەندی و هێز و هێژێمۆنیی خۆی لە دەرەوەی ستانداردە دێموکراتیک و جیهانیەکان پێناسە دەکات. لەم بەستێنەدا، ئەوەی مانەوەی دەسەڵاتێکی "ناموتەعارف" دەستەبەر دەکات، بابەتگەلی "ناموتەعارفـ"ـە، لەوانە چەکی ئەتۆمی. بەڵام ئەم مانەوە بەمە کۆتایی نایەت و لە سەر پێ بوونی ئەم ڕێژیمە و پێداگربوونی لەسەر ئەم سیاسەتەی، ڕاست لە دژی ئاسایش و بەرژەوەندیی ئەکتەرە ناوچەیی و جیهانیەکانی دیکەیە کە دواجار پێکدادانی لێدەکەوێتەوە، هەر لێرەشەوەیە کە جەمسەربەندییەکەی چڕتر دەبێتەوە.
لە بەرایی ئاماژە بە دۆخی نوێ کرا، بەڵام بۆ ڕاستی دەبێ وەبیری بێنینەوە ئەم دۆخە نوێیە، درێژکراوەی دۆخی پێش خۆیەتی. ئەگەرچی دەکرێت باس لە کۆتایی ژیانی سیاسیی دۆناڵد ترەمپ بکرێت وەک دیاردەیەک، بەڵام ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت و ئاماژەکانی دیارە، ئەوەیە کە ڕێوشوێنەکانی ئیدارەی ترەمپ لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران، چەقی بیرکردنەوە و پراتیکی سیاسەتی ناوچەییە کە وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل لە بەرژەوەندیی خۆیان کاری پێدەکەن، چ وەک سازدانی هاوپەیمانی، چ وەک کردەوە و دژکردەوەی یەکلایەنە و چ وەک دیپلۆماسی گەمارۆکان کە لە ترەمپەوە بۆ بایدن بەجێ ماوە و بووەتە ئەمری واقع. ئیدارەی ترەمپ تاکوو ماوەی بەسەرچوونی ئیدارەکەی ڕوون نییە چ میراتێک بۆ سەرۆکی دوای خۆی بەجێ دێڵێت، بەوەشەوە و بەوەندەی کە هەیە، ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چارەسەری و یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و بەرنامە مووشەکی و سیاسەتە ناوچەییەکەی نابیندرێت. ئەوەش ڕوون نییە کە لە دەرەوەی بازنەی دیپلۆماسیی ئیدارەی دواتر، ئاخۆ ڕێوشوێنەکانی ترەمپ بەسەر دەچێت یان نە، وەڵامی ئەمەش بەشێکی زۆری دەکەوێتە سەر داهاتوو.
بەڵام لە دوای ئاماژەکانی جۆ بایدن بۆ چوونەوە سەر مێزی دانووستان و کاردانەوە و مەرج و پێشمەرجەکانی تاران بۆ ئەم بانگێشتەی واشنتۆن، وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل، وەک دەژبەرێکی لە ئاشتی نەهاتوو، دەستی کۆماری ئیسلامییان خوێندووەتەوە. ئەم وڵاتانە لە ماوەی ڕابردوودا، بە ڕێگەی کاناڵی دیپلۆماتیکەوە ڕایانگەیاندووە کە دەیانهەوێت وەک لایەن، بەفەرمی بەشداری هەر جۆرە گفتوگۆیەک بن کە سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بەڕێوە دەچێت. بەڵام لەم نێوەدا، وەک گریمانە دەکرێت بڵێین بە کردنە ئامانجی "مۆحسێن فەخریزادە"، زانای ئەتۆمی و گەورە بەرپرسی سپای پاسداران، ئیسرائیل (بە ئەگەری زۆر بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی) خۆی بەشداری ئەم دۆسیە کردووە، بەڵام لە دەرەوەی ڕێوشوێنە فەرمییەکان و دوور لە مێزی دانووستان. هەر چەند ئیسرائیل تاکوو ئێستا بە فەرمی بەرپرسیارێتیی ئەم ڕووداوەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
کرانە ئامانجی "قاسم سولەیمانی"، فەرماندەی سپای قودس، "ئەبوو محەممەد میسری"، کەسی دووەمی تۆڕی قاعیدە و "مۆحسێن فەخریزادە" زانای ئەتۆمیی ئێڕان، بەشێک لەو ڕووداوانەن کە دەکرێت لە دەلاقەی دۆخی پێشتر و درێژکراوەی ئێستادا، خوێندنەوەیان بۆ بکرێت. ئەم ڕووداوانەش دەکرێت ئاماژەکانی مانەوەی قۆناغی ترەمپیسم بن کە ڕەنگە لە داهاتووشدا قورسایی بخەنە سەر هاوکێشەی چاوەڕواننەکراوی دیکەش...
بە کورتی، هەموو هەوڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بگەڕێننەوە قاوخی خۆی. هەر بۆیەش بەرنامەی مووشەکی و سیاسەتی ناوچەیییەکەی لای بەشێک لە وڵاتانی جیهان وەک هێڵی سوور جەختی لەسەر دەکرێتەوە، بەتایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمیدا. درێژەکێشانی ئەم دۆخە، ڕەنگە درێژکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی چەندین ساڵە بێت، ئەگەر بێتوو ئێران لەسەر بەزاندنی هێڵەکان سوور بێت. گریمانەی بەهێز ئەوەیە کە بەبێ ئەم سەرەڕۆیی و بەرنامانە، کۆماری ئیسلامی لە مانا و ماهییەتەکەی داماڵراوە، کە دیارە دوور لە چاوەڕوانییە. بەڵام ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت بەردەوامبوونی قۆناغی ترەمپیسمە لە نەبوونی خودی سەرۆکدا و لە دۆخێکی نوێدا.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.