کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی موجتەبا خامنەیی لە تەقینەوەی کۆمەڵایەتی و ڕاپەڕینی نوێی جەماوەری

17:17 - 7 جۆزەردان 2726

میدیاکانی کۆماری ئیسلامی پەیامێکی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی بڵاوکردەوە کە تێیدا ترس لە دۆخی شڵەژاوی وڵات بە ڕوونی دەردەکەوێت.

 ناوبراو لەم پەیامەدا کە ئاڕاستەی مەجلیسی کردووە، لێکترازانی کۆمەڵایەتی بە "پلانی دوژمن" ناوبردووە و داوای لە هێزەکانیان کردووە ناکۆکییە نێوخۆییەکان وەلابنێن. ئەم پەیامە لە کاتێکدا بڵاودەبێتەوە کە لە دوای دەستنیشانکردنی وەک ڕێبەر، هێشتا هیچ دەنگ و وێنەیەکی نوێی ناوبراو بڵاو نەکراوەتەوە.

ئەم هۆشدارییەی ڕێبەری نوێ لە کاتێکدایە کە تەنانەت وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمیش لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان تۆقیوە و دانی بەوەدا ناوە کە بەهۆی گوشاری ئابووری و گرانیی دوای شەڕ، زەمینەی تەقینەوەی ناڕەزایەتیی نوێ لە ئارادایە.

 هاوکات ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژوورناڵ ئاشکرای کردووە کە بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا، پاشەکەوتی دراوی ئێرانی کەم کردووەتەوە و ئەگەری ڕاپەڕینی خەڵکی زیاتر کردووە.

موجتەبا خامنەیی لە پەیامەکەیدا بە تەواوی چاوی لە ئاست دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ پۆشیوە، کە ئێستا بووەتە هۆی ململانێیەکی قووڵ لە نێوخۆی باڵەکانی دەسەڵاتدا.

کارناسانی سیاسی پێیان وایە کە پەنابردنی ڕێبەری نوێ بۆ پەیامی نووسراو و هۆشداریدانی لەسەر یەکڕیزی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە سەرانی ڕێژیم لە قەیرانی ڕەوایی و ڕاپەڕینی جەماوەری دەترسن.