کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ ستریت ژۆرناڵ: گەمارۆی دەریایی ئەمریکا ئابووریی ئێرانی گەیاندووەتە لێواری داڕمان

12:22 - 7 جۆزەردان 2726

ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژۆرناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی شەڕ و گەمارۆی دەریایی ئەمریکاوە، ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی زۆر قووڵتر لە ڕابردوو بووەتەوە و ئێستا بەرپرسانی تاران خەریکی هەڵسەنگاندنی ئەو دۆخەن کە ئایا دەتوانن بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازی زیاتر لە دانوستانەکاندا لەبەرامبەر گوشارەکاندا، بەردەوام بن یان نا.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بووەتە هۆی دابەزینی توندی داهاتە نەوتییەکانی ئێران و بەهۆی کەمیی توانای پاشەکەوتکردن، مەترسیی داخرانی هەندێک لە بیرە نەوتەکانی لێ کەوتووەتەوە.

هاوکات، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەکییەکانی وەک برنج، گۆشت، نان و پەنیر، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بنەماڵەکان و نیگەرانییەکانی ڕێژیمی لە دووبارەبوونەوەی ناڕەزایەتیی و خۆپێشاندانی بەربڵاو زیاتر کردووە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، داڕمانی بەهای تمەن و زیانگەیشتن بە پیشەسازییە گرنگەکان لە شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ڕابردوودا کردووە و نووسیویەتی "زیاتر لە یەک میلیۆن کەس لە ئێران کارەکانیان لەدەست داوە.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمیش هۆشداریی داوە کە کێشە ئابوورییەکان دەتوانن ببنە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی نوێ.

لەگەڵ ئەوەشدا، واڵ ستریت ژۆرناڵ دەنووسێت کە ڕێژیمی ئێران نایەوێت ئیمتیازی گەورە لە دانوستانەکاندا بە ئەمریکا بدات، چونکە نایەوێت وا پیشان بدرێت کە ئەمریکا و ئیسرائیل لەم شەڕەدا سەرکەوتوو بوون.