کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوەیت هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانی مەحکووم و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی کرد

15:33 - 7 جۆزەردان 2726

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت بەتوندی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر خاکەکەی مەحکووم کرد و ئەمەی وەک پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری و ئەمنییەتی نیشتمانیی وڵاتەکەی ناو برد و هاوکات بە فەرمی داوای لە تاران کرد کە پێویستە دەستبەجێ و بێ مەرج ئەم هێرشانە ڕابگرێت.

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت ڕایگەیاند کە تاران بە تەواوی لەو هێرشانە بە بەرپرسیارە دەزانێت. ئەم هەڵوێستە دوای ئەوە بوو کە ستادی گشتیی ئەرتەشی کوەیت ڕایگەیاندبوو سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی ڕووبەڕووی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی دوژمن بووەتەوە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا بەتوندی هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوەیتی مەحکووم کرد و بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری"ی ئەو وڵاتە و "پێشێلکارییەکی زەق لە یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناوی برد.

هاوکات، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی مووشەکێکی بالیستیکی ئاڕاستەی کوەیت کردووە، بەڵام لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانیی هێزەکانی کوەیتەوە بە سەرکەوتوویی لە ئاسماندا تێکشکێندراوە.