کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشبینی دەکرێت ژمارەی خەڵکی هەژاری ئێران ٤٠ میلیۆن کەس تێپەڕێنێت

16:15 - 7 جۆزەردان 2726

ئابووریناسان و مامۆستایانی زانکۆ لە ئێران هۆشداری دەدەن کە دوای شەڕی ئەم دواییە و توندبوونەوەی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا، ئابووریی ئێران بەرەو داڕمانێکی بێوێنە دەچێت.

کارناسان پێشبینی دەکەن کە گەشەی ئابووریی ئێران بۆ مەنفی١٠ لەسەد دابەزێت و تەنیا لەمساڵدا نزیکەی چوار میلیۆن و نیو کەسی دیکە بکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە، بەمەش ژمارەی گشتیی هەژاران لە وڵاتەکەدا لە چل میلیۆن کەس تێدەپەڕێت.

بەپێی ڕاپۆرتە ئابوورییەکان، گەمارۆ دەریاییەکان هەناردەی نەوتی ئێرانیان بۆ نزیکەی سفر کەم کردووەتەوە و بازاڕی کاریش بە تەواوی پەک خراوە، بە شێوازێک کە تەنانەت زۆربەی خاوەنکارەکانیش ناتوانن بژێوی ڕۆژانەیان دابین بکەن.

هاوکات، خولی بێکاری بۆ گەنجان گەیشتووەتە سێ تا چوار ساڵ کە ئەمەش نیشانەی داڕمانی سیستمی ئابووریی ئێرانە.

ئەم بارودۆخە نالەبارە ترسی قورسی لە نێو دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیدا دروست کردووە؛ بە جۆرێک کە وەزارەتی ئیتلاعات بە فەرمی هۆشداری داوە کە گرانیی بێوێنە و کەمیی پێداویستییەکان، بەستێن بۆ سەرهەڵدانەوەی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان خۆش دەکات.