کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەسەر پەرەسەندنی لەسێدارەدانی سیاسی و سەرکوتکاری لە ئێران

16:17 - 7 جۆزەردان 2726

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە قۆستنەوەی "دۆخی شەڕ"، شەپۆلێکی توندی سەرکوتی دژی نەیاران دەست پێکردووە کە دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵ، دادگاییکردنی خێرا و نادادپەروەرانە، لەسێدارەدانی سیاسی و دەسبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی هاوڵاتییانی لێکەوتووەتەوە.

"ئێلیکا گووارا ڕوساس"، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پلەبەرزی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی ئێران دۆخی قەیراناوی دۆخی شەڕ بەکار دەهێنن بۆ پاشەکشەپێکردنی زیاتری مافەکانی خەڵک؛ ئەو خەڵکەی کە پێشتریش بەدەست لێکەوتەکانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و چەندین دەیە تاوانکاریی کۆماری ئیسلامییەوە دەیناڵاند.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە، لە کاتی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٩ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە، زیاتر لە ٦ هەزار خۆپیشاندەر، ڕۆژنامەنووس، پارێزەر، چالاکوانی مافی مرۆڤ و ئەندامانی نەتەوە ژێردەستەکان و کەمایەتیی ئاینییەکان دەستبەسەر کراون.

دەزگای دادوەریی ئێران فەرمانی بەڕێوەبردنی دادگاییکردنی خێرا و سزای لەسێدارەدانی بۆ بەشێک لەوان دەرکردووە، لە کاتیکدا نیگەرانیی توند لەسەر ئەشکەنجەدان و وەرگرتنی "دانپێدانی زۆرەملێ" لەم دادگاییە کورتخایەنانەدا هەیە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەم ماوەیەدا لانیکەم ٣٩ لەسێدارەدانی سیاسی جێبەجێ کراون.

بەشێکی تری ڕاپۆرتەکە باسی لە پچڕانی هێڵی ئینتێرنێتی کردووە و ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران پتر لە ٩٠ میلیۆن کەسی لە جیهان دابڕیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی "نێت بلاکس"، ئەمە درێژخایەنترین پچڕانی ئینتێرنێت بووە لە مێژووی جیهاندا کە ٨٨ ڕۆژ بەردەوام بووە. لەم ماوەیەدا، چالاکیی ئانلاینی هاوڵاتییان وەک "سیخوڕی" ناسێندراوە کە سزاکەی لەسێدارەدانە.

لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەش کردووە کە پچڕانی تەواوی ئینتێرنێت وەک "ستوونی سەرەکیی ستراتێژیی سەرکوت" بەکارهاتووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەڵگەدارکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بکرێت.

ڕوساس جەختی کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێت ڕێگە بدات تاران دۆخی شەڕ وەک پەردەیەک بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی بەکاربهێنێت و داوای کرد دۆسییەی ئێران ڕەوانەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکرێت.