کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توانایی کڕین لە نێو کرێکاراندا ٩٠% کەمی کردووە

11:57 - 13 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە ماوەی٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هێز و توانایی کرێکاران بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بەرێژەی ٩٠% کەمی کردووە..

فەرامەرز تەوفیقی، سەرۆکی کۆمیتەی مووچە لە ناوەندیی باڵای شۆراکان بە هەواڵدەریی حکومەتی ئیلنای وتووە: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەر هێزی کڕین لای توێژی کرێکاری ئێران، ٩٠% کەمی کردووە؛ بەواتایەکی تر ئەگەر کرێکارێک دەیتوانی لە وەرزی بەهاردا سێ ژەمە خۆراک بۆ بنەماڵەکەی دابین بکات ئەوا ئێستە ئەم ڕێژەیە بۆ یەک ژەمە خواردن دابەزیوە.

بەوتەی ناوبراو، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی گرووپی کرێکاریی شۆرای باڵا، ئامارەکان دەری دەخەن کە سفرەی خانەوارە کرێکارییەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو بچووک بووەتەوە و نەتەنیا ناتوانن لەباری دەرمان و فێرکاری (واتە چوونی منداڵانیان بۆ قوتابخانە) تێچووەکان دابین بکەن بەڵکوو بۆ تێرکردنی بنەماڵەکانیان لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەوڕوون.

سەرۆکی کۆمیتەی مووچە لە ناوەندیی باڵای شۆراکان وتوویشیەتی: هیچ "مۆعجزەیەکیش" ناتوانی قەرەبووی ئەم دۆخە بکاتەوە؛ ئەگەر تەنانەت نرخی دۆلاریش وەک ڕۆژانی سەرەتای ئەمساڵی لێ بێتەوە دۆخەکە گۆڕانی پۆزەتیڤی بەسەردا نایەت چوونکە بازاڕ لە گێژەنەی خۆی دەرچووە و گەڕانەوەی بۆ دۆخی ئاسایی پێویستی بە بەڕێوەبەرییەکی لێزان هەیە کە ئێمە لێی بێبەرین؛ هەروەها ئەگەر وەها گریمانە بکەین کە کرێکاران لە دۆخێکدا بژین کە بتوانن تێچووی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دابین بکەن پێویستە مووچەکەیان  تا ٨٠٠ هەزار تمەنی دیکە بەرز بکریتەوە، کە ئەمەش ئیمکانی نییە!

هەر لەمبارەوە بەهرام حەسەنی‌نژاد، چالاکی کرێکاری سەربەخۆ وتوویەتی: کێشەی سەرکی ئێمە لە ئێراندا سیاسەتە کەڵانە هەڵە و نابەجێکانی ڕێژیمە نەک تەحریم و پێوەندییە سیاسییە دەرەکییەکان! بناغەی ئابووریی ئێران بەهۆی تاقم و تاقمبازی و خزم و خزمێنەکانی ڕێژیم نەتەنیا لاواز بووە بەڵکوو لەنێو چووە کە هەر شنەبایەک دەتوانێ بە ئاسانی بیدات بە عەرزدا و لە پێی بخات.