کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان سنووری ٢ ملیۆن کەسی تێپەڕاند

12:03 - 26 خاکەلێوه 2720

زانکۆی ''جانزهاپکینز'' ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوە ڕاگەیاند کە ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان لە ٢ ملیۆن کەس تێپەڕی.

ئەو ئامارە تەنیا ئەوانە لەبەر دەگرێت کە لە نەخۆشخانەکان بەفەرمی ناویان تۆمار کراوە و بەو پێیە ئاماری قوربانییانی ئەم نەخۆشییە گەیشتووەتە نزیکەی ١٢٠ هەزار کەس.

بەپێی ئامارەکان، لە ئامریکا زیاتر لە ٥٨٠ هەزار کەس تووشی ئەم نەخۆشییە بووە و زیاتر لە ٢٣ هەزار و ٦٠٠ کەسیش گیانیان لەدەست داوە. لە ئیسپانیا ١٧٠ هەزار کەس تووشی بوونە و ١٧ هەزار و ٧٠٠ کەسیش گیانیان لەدەست داوە. لە ئیتالیا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە و ١٦٠ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

لە ئێرانیش بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیم، زیاتر لە ٧٣ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و نزیکەی ٥ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە.

ڕێژەی تووشبووان بە نەخۆشیی کۆرۆنا لە جیهان لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا دوو بەرابەر زیاتر بووە و زیاتر لە یەک ملیۆن کەس تووشی ئەم نەخۆشییە بووە، لە ماوەی ئەم دوو حەوتوویەدا زۆربەی وڵاتان ڕێوشوێنی توندیان گرتووتەبەر و نیوەی خەڵکی جیهان لە دابڕگەدان.