کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆمەتبارکردن و پەروەندەسازی ڕێژیم بۆ خۆپیشاندەران

12:28 - 11 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بە مەبەستی بڵاو کردنەوەی ترس و کپکردنەوەی دەنگی ناڕازییەکان، دەستیان داوەتە تۆمەتهەڵواسین و پەروەندەسازیی بۆ دەسبەسەرکراوەکان.

پاش ئەوەی کاسبکار و بازاڕییان، بەهۆی هەڵاوسان و مەندیی بازاڕ، لە تاران و چەندین شاری دیکەی ئێراندا، دەستیان دایە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و کۆشکی دیکتاتۆری ڕێژیمیان خستە لەرزەوە، بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بە مەبەستی بەلاڕێدابردن و کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەکان، دەستیان داوەتە تۆمەتهەڵواسین و هەڕەشەکردن لە خۆپیشاندەران.

جەواد کولیوەند، بەناو نوێنەری کەرەج و بەرپرسی کۆمیسیۆنی شۆراکان و کاروباری نێوخۆییی مەجلیسی، باسی لەوە کردووە، کە هەموو ئەو ١٢٩ خۆپیشاندەرە کە دەسبەسەر کراون، سەر بە دوژمنانی نیزامن و ڕاهێنانی تایبەتییان پێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی خانەی میللەت، جەواد کولیوەند هەروەها ڕایگەیاندووە: "حەوتووی ڕابردوو، لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕینی بازاڕییانی تاران و چەندین شاری دیکە، دوژمنانی نیزام هەوڵی دنەدان و خەسارپێگەیاندنی دووکان و بازاڕی هاوڵاتییانیان داوە، هەر بۆیە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون، ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە، کە ئەو کەسانە دەسدرێژیان کردووەتە سەر دووکان و ماڵی هاووڵاتییان و بازاڕییانیان ناچار کردووە، هەتا دووکانەکانیان دابخەن.

ئەو قسانەی ناوبراو لە حاڵێکدایە، کە بەپێی دەیان ڤیدئۆ کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە، پولیس بەئەنقەست دەستی داوەتە شێواندنی و وێرانکردنی دووکانی هاووڵاتییان و زۆربەی دووکانەکانیان تاڵان کردووە.

پێشتر هاوکات لەگەڵ دەستپێکی ناڕەزایەتییەکان، حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیم، هەموو خۆپیشاندەرانی بە داردەستی دوژمنان و دژبەرانی ڕیژیمەکەیانی ناو بردبوو، کە ئەوەش وەکوو چرا سەوزێک بۆ هێزە سەرکوتکەرەکان و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بۆ تۆمەتهەڵواسین و پەروەندەسازیی بۆ هاوڵاتییانی ناڕازی و خۆپیشاندەران بە ئەژمار دێت.