کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆپباران‌کردنی چیای بەردەزەردانی پیرانشار لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە

16:41 - 24 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی بەرەوڕووبوونەوەی هێزەکانی پیشمەرگەی حیزبی دێموکرات، هێزێکی نیزامیی بەرچاوی لە پیرانشار کۆ کردووەتەوە و هەروەها لە رێگای تۆپخانەوە مانۆڕی نیزامی دەدات.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند حەفتەی رابردوودا و پاش بەڕێ‌کران و جێگیربوونی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، لە شارەکانی دیکەوە هێزێکی زۆری رەوانەی شارە سنوورییەکانی کوردستان کردووە.

رێژیمی ئیسلامی ئێران بە بەڕێ‌کردنی هەژمارێکی بەرچاو لە هێزە نیزامییەکانی خۆی بۆ ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و دانانی تۆپخانە لەو ناوچانە، کەش و هەوایەکی ئەمنیەتی بەسەر ئەو ناوچانەدا زاڵ کردووە.

راپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە شاری پیرانشارەوە باس لەوە دەکات کە هێزی تۆپخانەیی جێگیرکراو لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار، مانۆڕێکی نیزامی بەڕێوەبردووە و لەو مانۆڕەدا چیای بەردەزەردانـی تۆپباران کردووە.

بەپێی ئەو لێدوانانەی کە ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ئێران وەریگرتوون، پاش ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هێزی پێشمەرگەی بەرەو سنوورەکانی کوردستان بەڕێ و لە چیاکانی کێلەشین و قەندیل نیشتەجێی کردوون، رێژیمی ئێران ترسێکی زۆری لێ نیشتووە و بە مەبەستی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ حیزبی دێموکرات، هێزێکی زۆری لە شارەکانی دیکەوە بۆ کوردستان و بە تایبەت ناوچە سنوورییەکان بەڕیکردووە و هەروەها ئەو جاشانەی کە چەکدار نەبوون، بانگهێشت و چەکداری کردوون.