کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆڕە کۆمەڵایەتییە نێوخۆیییەکان ئیزنی سیخوڕی بە ڕێژیمی ئێران دەدەن

11:43 - 30 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێراندا: پەیامنێری تۆڕە کۆمەڵایەتییە نێوخۆیییەکان دەستی ڕێژیم لە سیخوڕیکردن ئاوەڵا دەکەن.

کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ڕاپۆرتێکدا، لە بارەی فیلترینگی تێلێگرام دەڵێت: فیلتێرکردنی ئەم پەیامنێرانە، هەوڵێکە بۆ دەستپێڕانەگەیشتنی هاووڵاتییان بە زانیاری و پەیوەندیگەلێک کە لە لایەن ڕێژیمەوە کۆنترۆڵ ناکرێت.

بەرپرسانی قەزاییی ڕێژیمی ئێران لە ١٠ی بانەمەڕی ئەمساڵەوە بە فەرمی تێلێگرامییان فیلتێر کرد، کە بە پڕبەکار‌هێنەرترین بەرنامە لە ئێراندا دادەنرێت و هەندێك بەرنامەی نێوخۆیییان لە جێی داناوە، کە لە ڕووی ئەمنییەتییەوە ئیزنی سیخوڕیکردن لەسەر بەکارهێنەرەکانیان بە ڕێژیمی ئێران داوە و لە لایەن خودی بەرپرسانی ڕێژیمەوە بەڕێوە دەچن.

هەروەها کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێراندا باسی لە ئەنجامەکانی فیلتێرکردنی تێلێگرام لەسەر کار و کاسبییەکانی سەر تێلێگرام ڕایگەیاندووە: "ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی لاوازکردنی مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵکی ئێران".

جێگەی سەرنجە کە هەندێك لە پەیامنێرە نێوخۆیییەکان کە بە فەرمی لە لایەن ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتەوە ڕێکلامی بۆ دەکرێت، خودی پەیامنێرەکان ئەکاونتیان بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.

دەوترێت کە زیاتر لە ٤٠ میلیۆن کەس لە ئێراندا تێلێگرام بەکار دەهێنن، سەرەڕای فیلتێرکردنی تێلێگرام خەڵک هێشتا بە بەکارهێنانی فیلتێرشکێن، تێلێگرام بەکار دەهێنن و بڕێكی کەمی خەڵک ڕوویان لە بەکارهێنانی پەیامنێرە نێوخۆیییەکان کردووە، کە بەشێک لەوانیش لە ناوەندە حكوومەتییەکان کار دەکەن.

ساڵانێکە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدات، کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ماڵپەڕەکان و سەرجەمی ئەو نەرمە ئامێرانەی کە لە ئێراندا زۆر بەکار دەهێنرێن، فیلتێر بکات.