کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیمی تۆپی‌پێی ئێران تامی تاڵی دوو دۆڕانی چێشت

11:02 - 10 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: لە کێبەڕکێیەکانی جامی وڵاتانی ئاسیا، تیمی تۆپی‌پێی ئێران، لە کێبەڕکێ لەگەڵ تیمی وڵاتی ژاپۆندا، هەم لە یاریدا و هەم لە ئاکار و هەڵسوکەوتدا دۆڕاندی.

تیمی تۆپی‌پێی ئێران، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ڕێبەندان، لە جامی وڵاتانی ئاسیایی، کە لە وڵاتی ئەمارات بەڕێوە چوو، لەگەڵ تیمی وڵاتی ژاپۆن کەوتنە کێبەڕکێیەوە، کە لە ئاکامدا تیمی ژاپۆن بە ئەنجامی ٣ گۆڵ لە تیمی ئێرانی بردەوە.

پاش ئەوەی کە یارییەکە بە سەرکەوتنی تیمی ژاپۆنین کۆتایی پێ هات و خەونی قارەمانەتی تیمی ئێران لە جامی وڵاتانی ئاسیایی، هەتا ٤٧ ساڵی دیکە وەدوا کەوت، چەند کەسێک لە یاریزانەکانی تیمی ئێران بە نەشیاوترین شێواز و بە لێدانی چەند یاریزانێکی ژاپۆنی تووڕەییی خۆیانیان بە هۆی ئەم دۆڕانە دەربڕێوە.

 ئەم شێوازە هەڵسوکەوتە لە شوێنێکی گشتیدا کە میلیاردها کەس لە خەڵکی جیهان بینەری دەبەن، لە کەسانێک کە خۆیان بە یاریزان و وەرزشکار دەزانن ناوەشێتەوە و ئەم جۆرە کردەوانە تەنیا لە کەسانێک دەوشێتەوە کە بەرهەمی پەروەردەیەکی نالەبار و نەشیاون.

لە ئێستەدا یاریی تۆپی‌پێ جیا لە بواری وەرزشی، ململانێی فەرهەنگی و سیاسیی وڵاتان و نەتەوەکانی جیهانیشە، بەڵام بە هۆی پەروەردەی نالەباری ڕێژیمی ئێران، ئەم ململانێیە لە ئاستە جۆراوجۆرەکاندا بە توندوتیژی و تووڕەیی کە بەرهەم و ئاکامی ئەم ڕێژیمەیە، خۆیان دەنوێنن.