کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیمی واڵیباڵی "ڕاهیابی میللەلـ"ـی مەریوان لە بەرەبەرەی نەمان لە لیگی دەستە یەکدایە

18:50 - 4 گەلاوێژ 2720

بێکیفایەتی و نابەرپرسیاربوونی بەرپرسانی وەرزشیی پارێزگای سنە بووەتە هۆکار تا تیمی واڵیباڵی "ڕاهیابی میللەلـ"ـی مەریوان لە لیگی دەستەی یەک بسڕدرێتەوە.

تیمی "ڕاهیابی میللەلـ"ـی مەریوان کە ساڵی پێشوو چووە ڕیزی تیمەکانی لیگی دەستەی یەکەوە و توانی بۆ یەکەمین جار لە "لیگی بەرتەر" ئامادە بێت، ئێستاکە کە تیمەکانی دیکە خۆیان بۆ "لیگی بەرتەر"ی ساڵی ٩٩ ئامادە دەکەن، ئەو تیمە لە بەرەبەرەی لەنێوچووندایە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی "لیگی بەرتەری واڵیباڵ"، کێبڕکێیەکانی ئەو لیگە لە ساڵی ڕابردوودا نیوەکارە تەواو بووە و وا بڕیار بووە کە هیچ تیمێک ئاستی دانەبەزێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەو تیمەی مەریوان بەرەو لەنێوچوون دەچێت کە یەکێک لە تیمە بەهێزەکانی کوردستانە.

"خەبات بیگلەری" بەڕێوبەری یاریگای تیمی واڵیباڵی "ڕاهیابی میللەلـ"ـی پارێزگای سنە لەو بارەوە وتوویەتی کە یەکێک لە هۆکارەکانی کشانەوەی ئەو تیمە لە "لیگی بەرتەر" نەبوونی توانایی ماڵیی پێویست بۆ درێژەدان بە چالاکییەکان بووە.

ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە لە حاڵێکدا تیمگەلێکی بەهێز لە ڕووی ماڵییەوە وەک "پەیکان، سایپا، شارەداریی ورمێ و سپاهان" لە گۆڕەپاندا بوون، ئێمە دەست بە داوێنی بەرپرسانی پارێزگا بووین و توانای بەرەوڕووبوونەوەمان نەبوو.

وەرزشی پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە سێبەری بێکیفایەتییەکانی بەرپرسانی ڕێژیمدا گەشە ناکات و ئەگەر تیم یان وەرزشوانێکیش سەرکەوتنێک بەدەست بهێنێت ڕێگای گەشە و پێشکەوتنی پێ نادرێت.