کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆریستی دۆسیەی "ئامیا" بۆ وەزیر دەستنیشان کراوە

13:15 - 22 گەلاوێژ 2721

ڕێژیمی ئێران تێرۆریست "ئەحمەد وەحیدیـ"ـی بۆ وەزیر لە کابینەی "ڕەئیسی" دەستنیشان کردووە کە ناڕەزایەتیی وڵاتانی "ئاڕژانتین و ئیسرائیلـ"ـی لێ کەوتووەتەوە.

وڵاتی "ئاڕژانتین" و وەزارەتی دەرەوەی "ئیسرائیل" تێرۆریست "ئەحمەد وەحیدی" وەک یەکێک لە تاوانبارانی تەقینەوەی ساڵی ١٩٩٤ی زایینی لە ناوەندی "جوولەکەکان" لە "بۆینێس ئایرێس" دەناسێنن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی "ئاڕژانتین" سەرەڕای مەحکوومکردنی ئەو بڕیارە، بە بێ حورمەتی بە سیستەمی دادوەریی ئاڕژانتین و قوربانییانی هێرشی تێرۆریستیی ئامیا دەزانێت.

تەقاندنەوەی ناوەندی جوولەکەکانی ئاڕژانتین، ئەو کردەوە تێرۆریستییە بوو کە لە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٧٣ی هەتاوی، بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٨٥ هاووڵاتیی جوولەکە و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون.

پاش چەند ساڵ لە ڕووداوی تێرۆریستیی ئامیا، دادوەری گشتیی ئاڕژانتین خوازیاری دەسبەسەرکردنی ٩ کەس بوون کە بریتییە لە: "عەلی ‌ئەکبەر هاشمیی ‌ڕەفسنجانی و عەلی‌ ئەکبەری ویلایەتی" و داوا لە ئینتێرپۆلیش کراوە کە وێڕای ئەو دوو کەسە، ٦ کەسی دیکە بە ناوەکانی: "عەلی فەلاحییان وەزیری ئیتلاعاتی ئەوکاتی ڕێژیمی ئیسلامی، موحسێن ڕەزایی فەرماندەی گشتیی ئەوکاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی، ئەحمەدڕەزا ئەسغەری سەرۆکی پێشووی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئاڕژانتین، ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی پێشووی هێزی تایبەتی قودسی سپای پاسداران، موحسێن ڕەبانی ڕاوێژکاری فەرهەنگیی پێشووی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئاڕژانتین و عێماد مەغنییە بەرپرسی ئەوکاتی ستادی ئۆپێراسیۆنی تایبەتی حیزبوڵـڵای لوبنان" دەسبەسەر بکرێن.