کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆریست "حوسێن سەلامی"، سەردانی چیاکانی کوردستانی کرد

13:04 - 23 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سەردانی بنکە و مۆڵگەکانی ئەو ڕێژیمەی لە چیاکانی کوردستان کرد.

سەردانی فەرماندە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی کوردستان و بە تایبەتی شارە سنوورییەکان بەردەوامە.

لە ماوەی ڕابردوودا، جیا لە تێرۆریست "حوسین سەلامی"، چەندین کاربەدەستی نیزامیی دیکە، سەردانی چیاکانی کوردستانیان کردووە.

"سەلامی" ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی گەلاوێژ، سەردانی شاری ورمێی کردووە و لەوێشەوە سەردانی بنکە و مۆڵگە نیزامییەکانی سپای لە چیاکانی کوردستان کردووە.

ئەو تێرۆریستە لە قسەکانیدا وتوویەتی: "دیالۆگ ئاکامی نییە و خەڵکیش ئەو ڕاستییە دەزانێت".

ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژ، "مەجید ئەرجومەندیفەر"، جێگری عەمەلیاتی زەمینی و پاسدار "محەممەدحوسێن ڕەجەبی"،  فەرماندەی قەرارگای شارامفەری سنه، سەردانی مۆڵگە عەمەلیاتییەکانیان لە شاری مەریوان کرد.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ڕێژەی ئەم سەردانانە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە ڕووی لەزیادبوون کردووە.

ناوە ناوە بەرپرسانی ڕێژیم بە بیانووی سەردانی شوێنەوارەکانی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، سەردانی شارە سنوورییەکانی کوردستان و ئامانجی سەرەکییان ناسینی سنوورەکان و جێگیرکردنی هێزی نیزامی و چەکوچۆڵ بۆ کاتی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

چالاکی و حوزووری هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نێوخۆی وڵات، ترسی خستووەتە نێو دڵی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران.

کاربەدەستانی نیزامی و ئەمنییەتیی ڕێژیمیش بەردەوام هەڕەشە لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم دەکەن کە چالاکیی ئەو حیزبانە بۆ ئەوان جێگای قەبووڵ نییە و ئەو چالاکییانە بێوڵام ناهێڵنەوە.