کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێچووی بژێویی ژیانی بنەماڵەیەکی ٤ کەسی مانگانە ١٢ ملیۆن تمەنە

11:23 - 16 خەزەڵوەر 2721

"حەمید ڕەزا ئیمام قولی تەبار" پشکێنەری کۆڕی باڵای نوێنەرانی کرێکارانی ئێران وتوویەتی، بژێویی ژیانی بنەماڵەیەکی سێ چوار کەسی لە کوردستان و ئێران ١٢ ملیۆن تمەنە.

ئەمساڵ گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر چینی کرێکار زۆر زیاتر بووە. بەهۆی کێشە بنەڕەتییەکان و یەک لەوانە دابیننەکردنی مووچەی کرێکاران بە شێوەی دروست و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، دۆخی کرێکاران زۆر خراپتر بووە.

بەپێی قسەکانی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە یەک لەسەر سێی حەشیمەتی کوردستان و ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

پێشتر "عەلی ئەسڵانی" ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی کانوونی کار لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەرییەکی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو: "دۆخی ژیانی کرێکاران زۆر نالەبار و نەگونجاوە؛ هەلومەرجی کرێکاران باش نییە بە چەشنێک کە دەتوانم بڵێم ٩٠ لەسەدی کرێکاران ناتوانن گۆشت بخۆن، چونکە مووچەکەیان ئەوەندە نییە کە بتوانن گۆشت بکڕن".

نابراو باسی لەوەش کردبوو، کرێکاران ناتوانن گۆشت بخۆن، مووچەکانیان تەنیا بەشی ١٠ ڕۆژ لە مانگێکدا دەکات.