کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکدانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە بیانووی ژیانەوەی گۆلی ورمێ

13:18 - 31 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بە بیانووی ژیانەوەی گۆلی ورمێ لە هەوڵدایە پێش بە چاندنی چەوەندەر و بەرهەمهێنانی سێو لە شارەکانی دەروبەری گۆلی ورمێ بگرێت.

ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە سیاسەتە هەڵەکانی خۆی لەهەمبەر گۆلی ورمێ کە بووەتە هۆی وشکبوونی ئەم گۆلە بشارێتەوە، هەر بۆیە ئەمجارە دەیهەوێت بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کەم بکاتەوە و بە بیانوی ژیانەوەی دەریاچەی ورمێ پێش بە چاندنی چەوەندەر و بەرهەمهێنانی سێو بگرێت.

لەم بارەوە ''سیاوەش هێمەتی'' سەرپەرەستی گرووپی لێکۆڵینەوەی جەهادی کشاوەرزی، وتوویەتی: ''چەوەندەر یەکێک لەو بەرهەمانەیە کە بە ڕادەیەکی زۆر لە شارەکانی دەروبەری گۆلی ورمێ دەچێندریت و باخی سێویش پەرەی گرتووە و ئەمە ئاوێکی زۆری پێوێستە و دەبێت خەڵکی ئەو ناوچەیە چاندنی بەرهەمە جووتیارییەکانیان بگۆڕن و بە جێگای سێو و چەوەندەر، گیای دەرمانی بچێنن''.

بەرتەسککردنی چاندنی بەرهەمە جووتیارییەکان لە لایەن ڕێژیمەوە، خەسارێکی قەرەبوونەکراو بە جووتیارانی ئەو ناوچەیە دەگەیێنیت کە تەنیا سەرچاوەی داهاتی ئەو خەڵکەیە.

ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدا ئەم سیاسەتە ناکارناسانەی لەبەرگرتووە کە هۆکاری سەرەکی وشکبوونی گۆلی ورمێ دەگەڕێتەوە سەر سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیم.

بوونی زیاتر لە ٣٠ هەزار چاڵاوی نایاسایی لە دەوربەری شارەکانی تەورێز و ورمێ، درووستکردنی بەنداو لە ڕێڕەوی ئەو ڕووبارانەی کە دەڕژینە گۆلی ورمێ و درووستکردنی پرد لە نێوان شاری ورمێ- تەورێز بەسەر گۆلی ورمێدا، لە هۆکارەکانی سەرەکیی وشکبوونی ئەم گۆلە دێنە ئەژمار.