ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٩ی گەلاوێژ، تەرمی شەهید "مووسا باباخانی" بە بەشداریی هەیئەتێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزب ئەسپەردەی خاک کرا.
لەو ڕێوڕەسمەدا پاش خوێندنی سروودی "ئەی شەهیدان و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان"، لەلایەن خالید عەزیزی سکرتێری لایەنی دیکەی دێموکرات، چەند وتەیەک سەبارەت بە شوێندانەریی شەهید مووسا باباخانی لەسەر پارێزگای کرماشان، پێشکەش بە ئامادەبووانی ئەو ڕێوڕەسمە کرا.
خالید عەزیزی لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە کاریگەریی شەهید مووسا باباخانی لەو پارێزگایە کرد کە دەورێکی گرینگی هەبوو لە ڕێکخستنی خەڵکی ئەو پارێزگایە و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی لە پیلاندا بێت بۆ شەهید مووسا و بتوانێت لە ڕێگای تێرۆرەوە حەزفی فیزیکیی بکات.
ناوبراو وتی: "هەرچەند کە کۆماری ئیسلامی توانی بە جەستە مووسامان لێ بستێنێت، بەڵام دڵنیایی بە خەڵکی ئەو پارێزگایە دەدەین کە دەیان مووسا بەڕێوەین بۆ ناو ڕیزەکانی شۆڕش".
خالید عەزیزی هەروەها ئاماژەی بە گرینگیی کرماشان کرد و ڕایگەیاند: "پارێزگای کرماشان بەهۆی فرەچەشن بوونیەوە لە ڕووی ئایینی و ڕەگەزی، کە هەمووانی لە خۆیدا جێ کردووەتەوە، بووەتە پارێزگایەکی هەستیار و کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدا دووبەرەکی و ناکۆکی لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو پارێزگایە دروست بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە".
"عەزیزی" هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەو گرفت و قەیرانانە کرد کە بەرۆکی کۆماری ئیسلامییان گرتووە و بە دروستبوونی کێشەی بێ ئاوی لە ئەحواز و هەروەها کێشەی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری نەغەدە، وەکوو ڕابردوو، هەوڵی داوە لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی سەرکۆمارە نوێیەکەی، کێشە و دووبەرەکی لەنێوان دوو نەتەوەی کورد و تورک دروست بکات.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، ژیاننامەی شەهید مووسا باباخانی لەلایەن سەرگوڵ شابازی خوێندرایەوە.
مووسا باباخانی یەکێک لە تێکۆشەرانی دیاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بوو کە پێشتر ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو و دواتر لهگهڵ لایهنی دیكهی دێموكرات درێژهی به تێكۆشانی خۆی دا و بوو بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حیزبە .
ناوبراو لەو ماوەیەدا کە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بوو، بۆ ماوەیەک لە تێلێڤیزیۆنی تیشک چالاکیی بەرچاوی هەبوو و دواتریش لە تێلێڤیزیۆنی کوردکاناڵدا ئەرک و بەرپرسایەتیی لە ئەستۆ بووە.
ئێوارهی ڕۆژی پێنجشهممه ١٤ی گهلاوێژ، تێكۆشهر "مووسا باباخانی" لهلایهن تێرۆریستانی سهر به كۆماری ئیسلامیی ئێرانه لە شاری هەولێری پێتەختی باشووری کوردستان شههید كرا.