کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی مردووەکانیش لە ئێراندا ئەمنییەتیان نییە

10:55 - 3 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: کارەساتە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە دەستێنێت و ئەمجارە لە شێوازێکی نوێدا، تەرمی مردووەکان لە گۆڕدا دەردەهێنرێن.

بەپێی ڤیدیۆ و وێنە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە شاری "شادگان" سەر بە پارێزگای خووزستان، کەسانێکی نەناسراو دەچنە سەر گۆڕی تازە مردووەکان و گۆڕەکان هەڵدەدەنەوە و گۆشتی مردووەکان دەبڕن و دەیبەن.

برای مردوویەک لە ڤیدیۆیەکدا کە بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت: "ئەو کەسانە کەسانێکی هەلپەرەستن کە زیاتر بە دوای لاشەی جەوانەکانەوەن و ئێمە سەرەڕای ئەو کارەساتەی بە سەرماندا دێت، دەبێ پاسەوانی لە گۆڕی مردووەکانمانیش بدەین".

ناوبراو هەروەها ڕەخنەی لە شارەوانی گرتووە کە ئەرکەکانی خۆی بە دروستی بەڕێوە نابات و تەنیا پارە لە خەڵک دەستێنن.

ئەم جۆرە کارەساتە نوێیانە لە ئێراندا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ڕووی لە زۆر بوونەوەیە و بەرپرسانی پەیوەندیدار هیچ هەوڵێکی کردەیی بۆ چارەسەریی ئەو کێشانە نادەن.

هەروەها لێکۆڵینەوەی جیددی لەسەر ئەم کارەساتە ناکرێت کە بۆچی تەرمی مردووەکان دەدزرێن و گۆشتەکەی بۆ کوێ دەبرێن و چییان بە سەردا دێنن.