کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی گەنجێکی کورد لەلایەن دوو سەربازەوە دۆزرایەوە

21:45 - 20 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کورد لە پیرانشار بە شێوەیەکی گوماناوی کوژراوە و پاش چەند رۆژ تەرمەکەی لەلایەن دوو سەربازەوە دۆزرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٤، تەرمی گەنجێکی کوردی خەڵکی پیرانشار بە ناوی ئەمجەد فەلاحی کوڕی عومەر دۆزرایەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە کە کەسێکی ئاسایی بووە و لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە بە دەمانچە کوژراوە، تەرمەکەی لە نێوان قۆپی تا سوورەدێی پیرانشار لەلایەن دوو سەربازەوە دۆزراوەتەوە.

هاووڵاتییەکی کوردی ئاگادار لەو رووداوە لەزاری کەسانی نزیک لە بنەماڵەی ئەمجەد فەلاحیـەوە بە هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند کە بنەماڵەی ئەمجەد لەسەر ئەوباوەڕەن کە کوڕەکەیان لەلایەن دەست و پێوەندییەکانی رێژیمەوە کوژراوە.

بەپێی ئەو راپۆرت و ئامارانەی کە بڵاو دەکرێنەوە، ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو هاووڵاتیی کورد لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە گیانیان لێ ئەستێندرێت و ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی قوربانیان، هیچ کات بکوژ یان بکوژانی ئەو هاووڵاتییانە دەستبەسەر و مەحکووم ناکرێن.

بە وتەی هاووڵاتییانی کورد، بەدواداچوون نەکردنی ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئێران بۆ پەروەندەی ئەو کوژرانە گۆماناوییانە دەری دەخات کە رێژیمی ئێران لە کوژرانی ئەو هاووڵاتییانەدا دەستی هەیە.