کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەی "ئامیا" لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئەنجام دراوە

12:12 - 26 پووشپەڕ 2720

ئامریکا لە ساڵڕۆژی تەقینەوەی "ئامیا"دا باسی لە ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵا وەک بکەرانی ئەو کردەوە تێرۆریستییە کرد و جەختی کردەوە کە درێژە بە گوشارەکان دژی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵا دەدات.

"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا لە ساڵڕۆژی هێرش بۆ سەر ناوەندی جوولەکاکانی ئارژانتین و هێرش بۆ سەر ئۆتووبووسی گەشتیارەکانی ئیسرائیل لە وڵاتی بولغارستان، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای بە بکەرانی ئەو کردەوە تێرۆریستییانە زانی.

"پۆمپێئۆ" جەختی کردووەتەوە کە گوشارەکان دژی تاران و حیزبوڵڵا درێژەی دەبێت.

تەقاندنەوەی ناوەندی جوولەکەکانی ئارژانتین، ئەو کردەوە تێرۆریستییە بوو کە لە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٧٣ی هەتاویدا، بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٨٥ هاووڵاتیی جوولەکە و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون.

"ئالبێرتۆ نیسمان" دادوەری دۆسیەی ئامیا کە بەرپرسی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە کردەوەی تێرۆریستیی ناوەندی جوولەکەکانی ئارژانتینی لە ئەستۆ بوو، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە پشتیوانی ماڵی لە تەقینەوەی ناوەندی جوولەکەکانی ئارژانتین تاوانبار کردبوو و خوازیاری گرتن و دەسبەسەرکردنی ژمارەیەک لە ڕێبەرانی ڕێژیمی ئیسلامی وەک: "موحسێن ڕەزایی، عەلی ئەکبەر هاشمیی ڕەفسەنجانی، عەلی‌ ئەکبەر ویلایەتی و سەردار ئەحمەد وەحیدی" لەلایەن پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتێرپۆل) ببوو.

پاش ١٣ ساڵ لە ڕووداوی تێرۆریستیی ئامیا، دادوەری گشتیی ئارژانتین خوازیاری دەسبەسەرکردنی ٩ کەس بریتی لە: "عەلی ‌ئەکبەر هاشمیی ‌ڕەفسنجانی و عەلی‌ ئەکبەری ویلایەتی" لەلایەن پۆلیسی نێونەتەوەییەوە بووە و داوا لە ئینتێرپۆلیش کراوە کە وێڕای ئەو دوو کەسە، ٦ کەسی دیکە بە ناوەکانی: "عەلی فەلاحییان وەزیری ئیتلاعاتی ئەوکاتی ڕێژیمی ئیسلامی، موحسێن ڕەزایی فەرماندەی گشتیی ئەوکاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی، ئەحمەدڕەزا ئەسغەری سەرۆکی پێشووی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئارژانتین، ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی پێشووی هێزی تایبەتی قودسی سپای پاسداران، موحسێن ڕەبانی ڕاوێژکاری فەرهەنگیی پێشووی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئارژانتین و عێماد مەغنییە بەرپرسی ئەوکاتی ستادی ئۆپێراسیۆنی تایبەتی حیزبوڵـڵای لوبنان" بوو.