کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەی نەتەنز شەڕی سایبێریی ئێران و ئیسرائیلی بە دواوە بوو

16:57 - 15 پووشپەڕ 2720

پاش تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە گوماناوییەکانی وزەخانە و کارخانەکانی ڕێژیمی ئێران لەم دواییانەدا ڕێژیمی ئێران دەربڕینێکی هەڕەشەئامێزی بەرانبەر بە ئیسرائیل بووە و پێیان وایە بکەری ئەو ڕووداوانە ئیسرائیلە.

ڕۆژنامەی ئیسرائیلیی "جیرۆزالم پۆست" لە بابەتێکدا لەژێر ناوی "ئێران پاش چوارەمین تەقینەوەی گوماناوی لەژێر گوشاردایە" نووسیویەتی کە تەقینەوەکانی نەتەنز زیانی بە دامەزراوە سەرەکییەکانی پەیوەندیدار بە ژێربینا مووشەکی و ناوکییەکان و دامەزراوەکانی دیکە گەیاندووە.

هەروەها هەندێک لە ڕاگەیاندنە ئیسرائیلییەکان لەو بارەوە وتوویانە کە تەقینەوەی وزەخانەی نەتەنز، هۆشدارییەکی دووبارە بە ڕێژیمی ئێران بوو کە جیهان ئیزنی وەدەستخستنی بۆمبی ناوکی بەو ڕێژیمە نادات.

لە بەرانبەردا "غوڵامڕەزا جەلالی"، سەرۆکی ڕێکخراوی پەدافەندی غەیرە عامڵی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە بەشێکی زۆر لەو ڕووداوانە سەرچاوە لە نەپاراستنی ئەمنییەتەوە دەگرێت و دوور لە چاوەڕوانیش نییە کە ئەو ئەو ڕووداوانە دەستی دوژمنی تێدا بێت.

هەندێک لە ڕاگەیاندنەکان وتوویانە کە ئیسرائیل بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەر چەشنە ئەگەرێکی هێرش ئامادەباشیی ڕاگەیاندووە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە خودی ئیسرائیل ئەو ئیدعایە ڕەت دەکاتەوە و وتراوە کە ڕاگەیاندنی ئامادەباشییەک کە لە زاری کاناڵی ١٢ی تێلێڤیزیۆنی ئیسرائیلەوە بڵاوی دەکەنەوە، ئامادەباشیی ئەرتش نەبووە بەڵکوو بەرپرسانی نیزامی وشیاریی خۆیان دەبەنە سەرەوە.

هەروەها هەندێک لە ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران وتوویانە کە هەرچەشنە دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئەگەری هەیە کاردانەوەی توندی ئیسرائیلی بەدواوە بێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاش بهێنیتە سەر خەت و ببێتە هۆی لەنێوچوونی ڕێژیمی ئێران.

ئیسرائیل بەردەوام لە ڕێگای لێدانی هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانیدا و هەروەها هێرشگەلێکی سایبێرییەوە دژ بە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران ڕاوەستاوەتەوە و پێشگرتن بە وەدەستخستنی بۆمبی ناوکی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە سیاسەتی نەگۆڕ و هەمیشەیی ئیسرائیل بووە.