کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوە لە مزگەوتی شیعەکانی ئەفغانستان لانیکەم ١٠٠ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

11:31 - 17 رەزبەر 2721

تەقینەوەیەک لە مزگەوتی شیعەکان لە ویلایەتی "قندووز" لە باکووری ئەفغانستان، لانیکەم ٥٠ کوژراو و ١٠٠ برینداری لێکەوتەوە.

لقی "خوراسان" سەر بە گرووپی تێرۆریستیی "داعش"، بەرپرسیاریەتیی ئەو هێرشەی وەئەستۆ گرتووە. هەروەها "داعش" وتوویەتی، مزگەوتی ناوەندی هەزارەکانی شیعەی لە "قندووز" کردووەتە ئامانج.

ئەو تەقینەوەیە لە کاتی بەڕێوەبردنی نوێژی هەینی ڕووی داوە.

نووسینگەی نوێنەرانی ڕێکخراوی نەتەوەیەگرتووەکان لە ئەفغانستان بەنیسبەت ڕێژەی زۆری کوژراوانی ئەو هێرشە نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە.

لقی "خوراسان" هێرشی ڕۆژی یەکشەممەی لە نزیک مزگەوتی "عەیدگا"ی گرتە ئەستۆ، بەڵام هەتا ئێستا هیچ گرووپێک  بەرپرسیاریەتیی هێرشی ڕۆژی چوارشەممەی بۆ سەر خوێندنگەی ئایینیی "درخوست" نەگرتووەتە ئەستۆ.

کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ئەفغانستان وتوویەتی، هێرشی ڕۆژی یەکشەممە "جینایەتێک لە درێژەی کوشتارە ئامانجدارەکانی شیعەکان و هەزارەکانـ"ـی ئەو وڵاتەیە.

هەتا ئێستا ڕێژەی کوژراو و بریندارانی ئەو هێرشە لە حاڵی بەرزبوونەوەدایە و شایەتحاڵانی ئەو ڕووداوە وتوویانە، تەرمی کوژراوەکان لەنێو مزگەوتدا لەت و پەت بوون.

وتەبێژی تاڵەبان وتوویەتی کە لە دوای تەقینەوەکە "هێزی تایبەت" ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراوە و لەو پێوەندییەدا دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

وزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ئەو هێرشەی مەحکووم کردووە، هەروەها "سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی ئەو وەزارەتە وتوویەتی: "هەوڵی تێرۆریستی لە هەر شێوەدا و لەلایەن هەر کەسێکەوە بێت، مەحکوومە". ئەو قسانەی وەزارەت و وتەبێژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەوڵی تێرۆریستانە بەنیسبەت دژبەرەکانی دەدات و بە درێژایی دەسەڵاتی دەستی لە کاری تێرۆریستی نەپاراستووە، بەتایبەت لە تێرۆرکردنی ڕێبەرانی کورد و چەندین کادر و پێشمەرگەی حیزبە کوردییەکان.

دوای زیاتر لە دوو مانگ لە بە دەسەڵات گەیشتنی تاڵبان لە ئەفغانستان، ئەمە چەندەمین هێرشی خوێناوییە کە لەو وڵاتەدا ڕوو دەدات.

یەکەمین هێرش کە لقی "خوراسان" وەئەستۆی گرت، لە کاتی چوونەدەرەوەی خەڵکێکی زۆری ئەفغانستان بۆ وڵاتی ئامریکا لە فڕۆکەخانەی ژێر چاوەدێریی تالەباندا بوو کە ٢٠٠ کەس کە زۆرێکیان ژن و منداڵ بوون، کوژران.