کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەمەنی گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێران هەتا ١٥ ساڵ دابەزیوە

16:16 - 27 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: ئاماری کەسانی تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێران رۆژ لە دوای رۆژ رووی لە زیادبوون دایە و کەمترین تەمەنی گیرۆدەبووان بە ماددە سڕکەرەکان ١٥ ساڵە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، گیرۆدەبوون و بەکارهێنانی ماددە سڕکەرەکان لە ئێران سنووری قەیرانی تێپەڕ کردووە و لە نوێترین ئاماردا کە جێگری ستادی بەرەنگاربوونەوەی ماددە سڕکەرەکانی رێژیم بڵاوی کردووەتەوە، کەمترین تەمەنی گیرۆدەبووان بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا ١٥ ساڵە و ساڵانە ٥٠٠ تۆن ماددەی سڕکەر لە ئێراندا بەکار دەهێنرێت.

پێشتریش هەواڵدەریی ایسنا لە زاری جێگری ستادی بەرەنگاربوونەوە دژی ماددە سڕکەرەکانی رێژیم رایگەیاندووە کە لەسەدا یەکی قوتابیانی دواناوەندیی لە ئێران ماددە سڕکەرەکان بە کار دێنن و ئەوە لەلایەکیترەوە ئەو ئامارانە لەلایەن رێژیمەوە بڵاو دەکرێنەوە بەڵام راستییەکانی کۆمەڵگای ئێران دەرخەری ئامارێکی زۆر پەژارەهێنەرە کە باس لەوە دەکات تەمەنی گیرۆدەبووان لە نێو منداڵانی کار لە ئێراندا ٥ هەتا ٧ ساڵە.

ئەو بەرپرسەی رێژیم رایگەیاند کە لەسەدا ٩ی ئەو کەسانەی ماددە سڕکەرەکان بەکار دێنن، ژنانن کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو لەسەدا ٥ زیادی کردووە و لە سەرەتای ٨ مانگی ئەمساڵدا ٢ هەزار گێرۆدبوو بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا مردوون کە نیسبەت بە ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو لەسەدا ٩،٢ زیادی کردووە کە لەو رێژەیەش ٢٠٠ کەسیان ژن بوونە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ بەرپرسێکی رێژیم رایگەیاند تەمەنی ژنانی گیرۆدەبوو بە ماددە سڕکەرەکان بۆ ٢٧ ساڵ دابەزیوە.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەکار هێنانی ماددە سەنعەتییەکان لە سوونەتییەکان زیاتر بووە و لەسەدا ٣ی ژنانی تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکان تەزریقین و تەریاک و شیشە و کراک زیاترین بەکارهێنەری لە نێو ژناندا هەیە کە هەنووکە لەسەدا ٢٦ی تووشیاران، شیشە بەکار دێنن.

ئامارە نافەرمییەکان لە ئێرندا باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە ٤ میلیۆن کەس لەو وڵاتەدا گێرۆدە بە ماددە سڕکەرەکانن و هەزاران کەسی دیکەش بۆ رابواردن بەکاری دێنن؛ ئەوەش لە حاڵێکدایە کە جێگری ستادی بەرەنگاربوونەوە دژی ماددە سڕکەرەکان باس لەوە دەکات کە تەنیا ١ میلیۆن و ٣٢٥ هەزار گیرۆدەبوو بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا هەیە.