کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەنیا ٤ لەسەدی کرێکاران ئەمنییەتی کاریان هەیە

12:40 - 17 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە ئێراندا، زیاتر لە ٩٠ لەسەدی کرێکاران، ئەمنییەتی کاریان نییە و بەشێوەی گرێبەستی کاتی کاردەکەن.

بەپێی ئاماری بڵاوکراوی کانوونی باڵای شۆراکانی ئیسلامیی کاری ڕێژیم، ٩٠ لەسەدی کرێکاران لە ئێراندا، بە گرێبەستی کاتی، گرێبەستی سپی و یان بەبێ گرێبەستی کاری کار دەکەن و بەشێکی زۆریان ئەمنییەتی کاریان نییە.

"عەلی خودایی"، بەرپرسی هەیئەت مودیرەی کانوونی باڵای شۆراکانی ئیسلامیی کاری ڕێژیم، لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا ئەمنییەتی کاری، گرینگترین بابەت بۆ کرێکارانە و کەمتر لە ٤ لەسەدی کرێکاران، ئەمنییەتی کاریان هەیە.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕاردوودا زیاتر لە سێ میلیۆن و نیو کرێکار بەشێوەیەکی نافەرمی لەسەر کارەکانیان دەرکراون.

لە ئێراندا کۆمپنیا گەورە دەوڵەتی و تایبەتییەکانیش، بەشێوەی گرێبەستی کاتی، کار بە کرێکاران دەدەن و هەر کاتێکیش کە بیانەوێت، دەتوانن لە سەر کارەکانیان دەریان بکەن.

زۆرجاریش پێش دێت، کە کرێکاران بەبێ بوونی هیچ جۆرە گرێبەستێک کار دەکەن، کە لەمبارەوە جێگیری پیشەسازیی وەزیری کار، لە ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، کە ڕێژەی کاری نافەرمی لە بازاڕەکانی کاردا دەگاتە ٥٠ لەسەد.

لە ئێستادا بە لەبەرچاوگرتنی زۆربوونی گوشار و گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و خراپتربوونی دۆخی ئابووریی خەڵک، دەکرێت ئەم ئامارە بەرزتریش بووبێتەوە.

کرێکاران، بەهۆی بێکاری و خراپیی دۆخی ئابووری، ناچار دەبن بە شێوەی نافەرمی و بەبێ بوونی هیچ گرێبەستێک کار بکەن، کە لە کاتی ڕوودانی هەرچەشنە ڕووداوێکی نەخوازراویشدا هیچ بیمەیەک نایان گرێتەوە و هەموو تێچووەکانی دەرمانیش لە ئەستۆی خۆیان دەبێت.