کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەیموور مستەفایی: رێژیم لە سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد شکستی خواردووە

17:24 - 26 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: لە جیژنی ٢٥ی گەلاوێژ، ٦٩مین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، تەیموور مستەفایی ئەندامی دەفتەری سیاسی، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانانی بەڕێز!
بەشداربوانی ئازیز!

رێگەم بدەن بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە وێڕای سڵاو و رێز، پڕ بەدڵ پیرۆزبایی ئەم رۆژە مێژوویی‌یەتان لێ بکەم. هەر لەم بۆنە پیرۆزەشدا سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی گەل و بە تایبەتی شەهیدانی حیزبە تیکۆشەرەکەمان، زیندانییە سیاسییە کۆڵنەدەرەکان و کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبەکەمان کە بە خۆڕاگری لە پێناو ئامانجەکانی گەلەکەماندا مایەی بەردەوامیی ئەم رێبازە پیرۆزەن.

هاونیشتمانانی بەڕێز!

٦٩ ساڵ لەمەوبەر، لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە شاری مەهاباد، حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بناغەی کۆمەڵەی \'\'ژێ. کاف\'\' دامەزرانی خۆی بە بڵاوکردنەوەی بەرنامەیەکی ٨ مادەیی راگەیاند کە دێموکراسی، مافی نەتەوایەتی، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و هاوپەیمانیی گەلانی ئێران ناوەڕۆکی ئەو بەرنامە ٨ مادەیی‌یەیان پێک دەهێنا. ئەمە یەکەمجار بوو کەلە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشیوی گەلەکەماندا، حیزبێک بە بەرنامەیەکی روون و پێشکەوتنخوازانە دوورەدیمەنی ئامانجەکانی خۆی دەخستە بەردەم کۆمەڵانی خەڵک و بۆ پراکتیزەکردنی ئەو بەرنامەیە داوای پشتیوانیی لێ دەکردن.

خۆشک و برایان!

حیزبی دێموکرات لە سەرەتای دامەزرانیەوە زۆر دەسکەوتی بە نرخی هەبووە و لە هەمان کاتدا تووشی زۆر کارەساتیش بووە. دامەزراندنی کۆماری کوردستان هەرچەند تەمەنەکەی کورت بوو و تەنیا ماوەی ١١ مانگی خایاند، بەڵام بوو بە هۆی ئەوەی کە گەلەکەمان لە بەشێکی نیشتمانەکەیدا چارەنووسی خۆی بە دەستەوە بگرێ و ئەو ناوچەیە کە کۆماری تێدا دامەزرا، بوو بە سەنگەری دیفاع لە ئازادی و پێشکەوتن لە سەرانسەری ئێراندا و جێگای هیوا و هومێدی هەموو بەشەکانی کوردستان.

رێبەریکردنی خەباتی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦ ــ ٤٧ بە دژی دیکتاتۆریی حەمەڕەزا شا لە سەردەمێکدا کە ئێران بە دوورگەی ئارامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناو دەبرا و رێبەرایەتیکردنی بەرگریی رەوا و ئازایانە‌ی گەلی کورد لە بەرانبەر فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ قەڵاچۆکردنی کورد و دەیان سەرکەوتنی دیکە لە دەسکەوتەکانی ئەم حیزبەن. لە هەمان کاتدا مێژووی حیزبی ئێمە شاهیدی کارەساتی وەک رووخانی کۆماری کوردستان، تیرۆری رێبەرانی گەورەمان و شەهیدکرانی دەیان هەزار کەس لە کادر و پێشمەرگە و خەڵکی کوردستانیش بووە. بەڵام نە سەرکەوتنەکان و نە کارەساتەکان نەبوونەتە هۆی ئەوەی کەلە رێرەوی خەبات بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و دیمۆکراتیکەکانی گەلەکەمان دوور بکەوینەوە و هەموو سەرکەوتن و تێکشکانەکانمان کردوونەتە دەستمایە و ئەزموون بۆ خەباتی حیزبەکەمان. حیزبی ئێمە لە سەرکەوتنەکاندا لە خۆ بایی نەبووە و لە تێکشکانەکانیشدا ناهومێد نەبووە، بەڵکوو کۆڵنەدەرانە و پشت‌ ئەستوور بە پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان رێگای خەباتی بڕیوە.

بەڕێزان!

٣٥ ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژی ٢٨ی گەلاوێژدا خومەینی فەرمانی جیهادی لە دژی گەلی کورد دەرکرد و دەستی مۆرە کۆنەپەرست و قین لە دڵەکانی ئاوەڵا کرد تاکوو بە خولقاندنی زۆر جینایەتی سامناک، نەتەوەکەمان چاوترسێن بکەن و بە چۆکیدا بێنن. بەڵام کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان لێرە بۆ یادکردنەوەی ٢٥ی گەلاوێژ، ٦٩مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دیمۆکرات نیشانەی شکستی ئەو ئیستراتژییەی رێژیم و بەڵێندان بۆ بەردەوام بوونمان لە خەباتە.
هاوڕێیانی بەڕێز!

هەر وەک دەزانن، لە هەر خولێک لە هەڵبژاردنە رواڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەربژێرەکانی سەرکۆماری و دەست‌وپێوەندییەکانیان بە نانەوەی هەرا و هۆریا و بەڵێنیی درۆیین بە خەڵک وا دەنوێنن کە بە هاتنی ئەم، یان ئەو بەربژێر، ئاڵوگۆڕ بەسەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا دێت، لە کاتێکدا کە هەر بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی، هەر چەشنە گۆڕانێک لە دەسەڵاتی بەربژێرەکاندا نییە، بەڵام بەم حاڵەشەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک فریوی چەواشەکارییەکانیان دەخۆن و بە هیوای گۆڕینی سیاسەتی سەرکوتکەرانە و داپڵۆسێنەرانەی رێژیم دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەڵام ئەم هەڵبژاردنانە هیچ شوێندانەرییەکی ئەرێنییان بە قازانجی خەڵک نەبووە، بەڵکوو ئەوە رێژیم بووە کە کەڵکی لەم هەڵبژاردنانە وەرگرتووە و لە هەر قۆناغێک لە ژیانی سیاسیی خۆیدا دەستی خستووەتە سەر مۆرەیەکی نێو دەزگا داپڵۆسێنەرەکەی کە بۆ ئەو هەلومەرجە پێویستیی پێ بووە و بە شانۆسازی خەڵکیان پێ فریو داوە ئەگەر نا مێژووی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی سەلماندوویەتی کە هاتنی مۆرە جیاوازەکان هیچی نەگۆڕیوە و لە راستیدا بە گۆڕینی ناو، ناوەڕۆک نەگۆڕاوە.

بۆ سەلماندنی ئەم راستییەش ئەوەندە بەسە کە بزانین ئەوەی بەسەر چالاکوانانی سیاسی و فەرهەنگی لە سەردەمی ئەحمەدی‌نژاددا هاتووە، لە سەردەمی رۆحانیدا زیاتریش بووە و لە ئاکامی سیاسەتە فراوانخوازانەکانی رێژیمی ویلایەتی فەقیهدا ژیانێکی کڕوکپ و پڕ لە کۆیلەتی و سووکایەتی و ئێش و ئازار بۆ خەڵکی ئێران بەردەوامە.

کۆماری ئیسلامی لە هەوڵەکانیدا بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی بە مەبەستی گەرەنتیکردنی مانەوەی خۆی، لە بەرەبەری خواردنەوەی جامی ژەهرێکی دیکە دایە و وتووێژەکانی گرووپی ١+٥ و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەگەڵ ئێران هەر وا درێژەی هەیە. رێژیم بە گواستنەوەی بەشێکی بەرچاو لە گوشاری گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر شانی خۆیەوە بۆسەر شانی خەڵک، کاریگەریی کارەساتباری لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک بە تایبەتی توێژی مامناوەند و هەژار داناوە و رۆژبە رۆژ خەڵک بەرەو هەژاریی زیاتر دەچن. تازەترین رووداوە ئابوورییەکانی چەند مانگی رابردوو کە ئاکامی ئەم سیاسەتانەن، بریتی بوون لە:

بڕینی یارانەکان، بەرەوسەر چوونی نرخی حاملەکانی وزە (بەرق و نەوت و گاز) و هەڵاوسان.

بەپێی راگەیاندنی رێژیم، نرخی ئەو حاملە ئینرژییانە ٢٥% زیادی کردووە لە حاڵێَکدا کە کاتێک فیشی بەرق و گازیان بۆ خەڵک هێناوەتەوە چوونەسەرەکە زیاتر لە ٥٠%یش بووە. بڕینی یارانەکانیش شوێندانەریی لەسەر ژیانی خەڵکی هەژار و فەقیر بووە کە بەشێک لە داهاتی رۆژانەیان ئەو یارانانە بوون و ئەمە زەمینەی ناڕەزایەتیی زۆری لە نێو ئەم توێژانە داناوە و لە ئاکامدا خەڵک لە دابینکردنی بژیوی ژیانیان، ناتەوان و دەستەوەستانن.

لە بواری فەرهەنگیدا ئەوەندە بەسە ئاماژە بەوە بکەین کە رێفۆرمخوازەکان لە بواری سیاسەتی مەتبوعاتیدا ناوی \'\'بەرزەخی چاپەمەنییەکان\'\'یان لەسەر دەوڵەتی بەناو تەدبیر و ئومید (رۆحانی) داناوە.

بارودۆخی کوردستانی رۆژهەڵات:

وەک رابردوو کەشوهەوایەکی ئەمنیەتیی زۆر توند لە هەموو شارەکانی کوردستانی ئێراندا بەردەوامە. گرتن و زیندانیکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و سەپاندنی حوکمی زیندان بە بیانووی جۆراوجۆر و بێ‌بناغە هەر وا درێژەی هەیە، ئیعدامکردنەکان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبن. هەوڵدان بۆ ئاسیمیلەکردنی ناوچە کوردنشینەکان لە رێگای بەرنامە تایبەتەکانی تەلەڤیزیۆن و کۆڕ و کۆبوونەوە فەرهەنگییەکانەوە تا رادەی دیاریکردنی خەڵاتی تایبەت بۆ ئەو ئۆرگانانەی کە لەم پێوەندییەدا چالاکترن، بەردەوامە.

کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵ دەدات لە نێوان نەتەوە جیاوازەکانی ئێراندا ئاژاوە و دووبەرەکی بنێتەوە، بە تایبەتی لە پارێزگای ورمێ کە لەم دواییانەدا بە گوشارخستنە سەر کوردەکان بۆ لابردنی ناوی کوردی لە سەر شەقام و دووکان و شوێنە گشتییەکان، پێشگیری لە کڕینی خانووبەرە و تەنانەت نۆژەنکردنەوەی خانووی کوردەکان کە دیارە ئەم گوشارانەش بەهۆی مۆرە بەکڕێگیراوە ئازەرییەکانییەوە دەخرێتە سەر کوردەکان و مەبەست لەم سیاسەتەش بەگژیەکدادانی دوو نەتەوەی ستەملێکراوی کورد و تورکە. دیارە بەرەنگاربوونەوەی ئەم سیاسەتە چەوت و ئاژاوەگێڕانەیە ئەرکی رووناکبیران و شۆڕشگێرەکانی هەر دوو نەتەوەیە.

هەرچەند کە رێژیم بە چڕی هەوڵی تواندنەوە و کەمڕەنگکردنەوەی شوناسی نەتەوە بندەستەکانی ئێران بەتایبەتی نەتەوەی مافخوازی کورد دەدات، بەڵام بە خۆشییەوە لەم سیاسەتەدا بە تەواوی شکستی خواردووە و هەڵوێستی لاوان و هەموو چین و توێژەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بەرانبەر بە ئەگەری راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لە باشووری کوردستان و پشتیوانیی بەربڵاوی ئەوان و هەروەها هەڵوێستی کرماشانییەکان لە کۆنسێرتەکەی شارام نازری لەم شارەدا نموونەیەکی تازەن لە پەرەگرتنی بیری نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا کە نیشانەی شکستی سیاسەتەکانی رێژیمن لەو بارەیەوە.

باری ئابووریی کوردستانی رۆژهەڵات

بەدەر لەو گوشار و ئەو گەمارۆیانە کە بەهۆی سیاسەتی چەوتی رێژیم کەوتووەتە سەر ئێران و کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر وەزعی ئابووری و بژیوی ژیانی خەڵکی کوردستان هەیە، گەمارۆیەکی دیکەی ئابووری بە هۆی بە ئەمنیەتیکردنی ناوچەکە و سیاسەتی چەوساندنەوە و جیاوازیدانانی نەتەوەیی لەلایەن رێژیمەوە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەگوزاری لەو ناوچانە دایە.

بۆ نموونە لە بوودجەی ساڵی ١٣٩٣ی دەوڵەتی رۆحانیدا هیچ جۆرە سەرنجێک نەدراوەتە ناوچە بێبەشکراو و پەراوێزکەتووەکان. دابەشکردنی نادادپەروەرانەی بوودجە و تەرخانکردنی بەشێکی هەرە بەرچاوی بوودجەی ئێران بۆ ٩ پاڕێزگای سەنعەتی کەلە ناوەندی ئێران هەڵکەوتوون، بە بیانووی جێبەجێکردنی بەرنامەی کەلانی ئاوەدانکردنەوە، ئیستراتژیک و دەرامەدزا بەشێک لەو بەرنامە ماڵی، ئیداری و ئابوورییەیە، بە جۆرێک کە پشکی گشتیی پارێزگاکانی کوردستان (ورمێ، سنە، ئیلام، کرماشان) بەلووچستان، خووزستان و ناوچەی تورکمەن سەحرا (بەدەر لە پڕۆژەکانی پیشەسازیی نەوت کە ئەویش هیچ قازانجێکی بۆ خەڵکی خۆجێیی ئەو ناوچانە نییە) ناگاتە بوودجەی یەکێک لە پارێزگا ناوەندییەکان و تەنانەت بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێن.

ئەمە بە پێچەوانەی وادە و بەڵێنییەکانی رۆحانییە لە پێوەندیی لەگەڵ کەمکردنەوەی ئازارەکان، کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزی، لابردنی هەڵاواردن و جیاوازیدانان، سڕینەوەی هەژاری لەسەر سیمای پارێزگاکانی ناوچە بێبەشکراوەکان (بێجگە لە بەڵێنییەکانی دیکە کە تایبەت بوون بە بوارەکانی مافی مرۆڤ، سیاسی، ئایینی، فەرهەنگی، پەروەردەیی و...) کە ئەمانە هیچکامیان بە شێوەی رێژەییش نەهاتوونەتە دی.

بە شێوەیەکی تایبەتی‌تر کە دێینە سەر کوردستان، پشکی کوردستان لەو بوودجەیە بە رێژەیەکی زۆر تەرخان کراوە بۆ بەرنامە و پڕۆژە ئەمنی و ئیتلاعاتی و نیزامییەکان و دامودەزگا پێوەندیدارەکان. ئەگەر بوودجەیەکیشیان هەبێت، زۆرتر لە چوارچێوەی بەرنامە و ئیستراتژییە ئەمنیەتیەکەیاندا خەرجی دەکەن کە ئەمەش دەبێتە هۆی وەگەڕخستنی هەوڵ و تواناکانیان بۆ پێشگرتن بە چالاکیی سیاسی و مەدەنی و پێشگرتن لە هەموو جۆرە بزاوتێکی ئازادیخوازی و سیاسی لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا.

لە بواری مافی مرۆڤدا:

لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٣ هەتا ئێستا زیاتر لە ١٥٠ هاووڵاتی بە هۆی جۆراوجۆرەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراون و ٢٢ کەس لە بەندیخانەکاندا لە سێدارە دراون، ١٥ کۆڵبەر کوژراون و ١١یش بریندار بوون و بەهۆی تەقینەوەی مینەوە ١٠ کەس چوونەتە ریزی کەمئەندامان.

بەشداربوانی ئازیز!

لە دوو ساڵی رابردوودا راپەڕینی خەڵک لە سووریە لە دژی رێژیمی بەشار ئەسەد، هێرشی داعش بۆسەر موسڵ و دەستبەسەرداگرتنی چەند پارێزگایەکی سوننەنشین و جێگیربوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچە کوردستانییانە کە دەکەوتنە چوارچێوەی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و بەردەوام بوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیە هەلومەرجێکی نوێی بۆ ئەم سێ بەشەی کوردستان هێناوەتە ئاراوە. لە پێوەندی لەگەڵ ئەم هەلومەرجە نوێیەدا یەکگرتوویی هێزە کوردییەکان و دووری کردن لە تەکڕەوی و خوێندنەوەی ورد و واقعبینانەی رووداوەکان، هەنگاوێکی گەورە لە ئامانجە نەتەوەییەکانمان نزیکترمان دەکاتەوە. بە پێویستی دەزانم لە پێوەندی لەگەڵ ئەم بارودۆخە نوێیەدا هەڵوێستی رێژیمی کۆنەپەرست و دژەکوردی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە زۆر جار بە درۆ و چەواشەکارانە فرمێسکی تیمساحی بۆ کوردی عێراق رشتووە و لە هەمان کاتدا کوردی ئێرانی بە هەموو پێکهاتە و ئایینزاکانەوە، بێڕەحمانە سەرکوت کردووە بخەمە ڕوو تا پتر لە ریاکارییەکانی ئەم رێژیمە تێ بگەن.

باڵوێزی ئێران لە بەغدا لە ئەگەری راگەیاندنی دەوڵەتی کوردیدا هەڕەشەی داخستنی سەرسنوورەکانی لەگەڵ کوردستان و تەنانەت هەڕەشەی شەڕکردن شانبەشانی هێزەکانی عێراقی لە دژی هەرێمی کوردستان کرد. لە رۆژنامەی جمهووری ئیسلامی رێکەوتی ٢١/٧/٢٠١٤دا دەڵێ کوردی عاقڵ و وشیار و ئامادە نین جیا ببنەوە و هەڕەشە لە بارزانی دەکات و دەڵێت (کوردی عاقڵ یاری بە ئاگری سەربەخۆیی ناکات) لە سۆنگەی ئەم هەلومەرجە نوێیەوە حیزبی ئێمە هەروەک رابردوو پشتیوانی بەرەوپێشچوونی خەباتی گەلەکەمان دەبێ لە هەموو بەشەکانیدا هەر ئەرکێک لەو پێوەندییەدا بکەوێتە سەرشانی و لە توانایدا بێت، بە بێ دوودڵی جێبەجێی دەکات.

سیاسەتی حیزبی ئێمە ئەوە بووە کە رێکخراوەکانی بەشەکانی کوردستان بە لە بەرچاوگرتنی هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیان، رێگا و رێبازی خۆیان و پێوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ رێک بخەن، بە مەرجێک ئەو سیاسەتە زیان بە قازانج و بەرژەوەندیی بەشەکانی دیکەی کوردستان نەگەیەنێت کە بە خۆشییەوە حیزبی ئێمە لەم بارەوە زۆر بەرپرسانە جووڵاوەتەوە و لەم پێوەندییەدا سەربەرزین.

سەبارەت بە مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ گەلی کوردستان، پێمان وایە نوێنەرانی بەشەکانی کوردستان لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکانیاندا دەبێ پێداگری لە سەر ئەم مافە رەوایە بکەن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دابینبوونی هەر شکڵێک لە مافی دیاریکردنی چارەنووس بەستراوەتەوە بە هەلومەرجی هەرکام لە بەشەکانی کوردستان و بڕیاری پێویست لەم پێوەندییەدا دەکەوێتە ئەستۆی دانیشتوانی.

لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی ئەم دوایی‌یانەی هەرێمی کوردستانی باشوور و هەوڵەکانی ناحەزانی گەلەکەمان بۆ تێکدانی سەقامگیریی هیوابەخشی ئەم هەرێمە کە هەڕەشەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆسەر ماڵ و حاڵی هاووڵاتییانی کوردستان بە تایبەتی هاونیشتمانییە ئێزیدییەکانی دەڤەری شنگال دوایین نموونەی بووە، حیزبی ئێمە هەر لە سەرەتاوە بە هەستکردن بە بەرپرسیارییەتیی مێژوویی خۆی و بە خوێندنەوەی وردی رووداوەکان، هەڵوێستی گرت و ئامادەیی خۆی بۆ هەر جۆرە پشتیوانی و یارمەتییەکی بەکردەوە ڕاگەیاند. لەو پێوەندییەدا ناردنی چەندین یەکەی هێزی پێشمەرگەی دێموکرات بۆ بەشداریکردن لە بەرەکانی شەڕی پاراستنی مەوجوودییەتی نەتەوەکەمان لە باشووری کوردستان، درێژەی نەریتی شۆڕشگێڕانەی چەندین دەیە خەباتی حیزبەکەمان و سەلمێنەری ئیرادەی پۆڵایینی حیزبی دێموکرات بۆ درێژەدان بە رێبازی رێبەرانی شەهیدی حیزب و گەلەکەمانە و نیشان دەدات کە حیزبی دێموکرات قوتابخانەی شۆڕشە و هەتا سەریش وەک ئاڵاهەڵگری سەربەرزی خەبات و قوربانیدان لە پێناوی بیری نەتەوایەتی لە هەر چوار پارچەی نیشتمان دەمێنێتەوە.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ چوونی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزب بۆ بەرەکانی شەڕی پاراستنی نەتەوەکەمان لە باشووری کوردستان و ئامادەیی کادر و بنەماڵە و ئەندامانی حیزب بۆ بەشداربوون لە بەرەکانی ئەو بەرگرییە رەوایەدا و هەروەها پشتیوانیی بێ درێغی کۆمەڵانی خەڵک لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان، سپاس و پێزانینی خۆی بە هەموو ئەو دڵسۆزانە رادەگەیەنێ و شانازی بە رۆحی فیداکاری و نەتەوەخوازییان دەکات.

ئامادەبوانی بەڕێز!

حیزبی دێموکرات بۆ گەیشتن بە مافی دیاریکردنی چارەنووس هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە هەتا ئێستا سێ ئەرکی لە پێش بووە:

یەکەم: رێکخستنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و کۆکردنەوەیان لە ژێر ئاڵای حیزبی دێموکرات.

دووەم: گرێدانی خەباتی گەلی کورد لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێران.

سێهەم: هەوڵدان بۆ راکێشانی پشتیوانیی هێزە ئازادیخوازەکان لە سەرانسەری جیهان و بە نێونەتەوەیی کردنی پرسی کورد.

حیزبەکەمان لە ماوەی تێکۆشانیدا بۆ بە‌جێ گەیاندنی ئەو ئەرکانە تێکۆشانێکی زۆری بووە و قوربانییەکی زۆری داوە و بەو هۆیەوە ئێستا خاوەن رێکخستنێکی پان و بەرین لە نێۆخۆ و دەرەوەی وڵاتە، یەکێک لە بناغەدانەرانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، ئەندام لە UNPO و ئینترناسیۆنال سوسیالیست دایە و لە ئەگەری هەوڵدان بۆ هەر ئاڵوگۆڕێک لە داهاتووی ئێراندا بە سەرنجدان بە جێگە و پێگە نێوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییەکەی و بە لە بەرچاوگرتنی ئەو راستییەش کە لەلایەن زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستانەوە پشتگیریی لێ دەکرێ، دەورێکی کاریگەر و بەرچاو دەگێڕێت.

لە کۆتاییدا، بە سەرنجدان بە لەرزۆکیی رێژیمی کۆماری ئیسلامی و ئەزموونی دەوڵەمەند و رۆڵی میحوەریی حیزبەکەمان لە رێکخستن و یەکخستنی هێز و لایەنە ئازادیخوازەکانی ئێران و کوردستان لە سەنگەری خەبات بۆ رووخاندنی قەڵای ستەم و چەوسانەوە و بنیاتنانی دواڕۆژێکی روون بۆ کۆمەڵگاکەماندا، بە پێویستی دەزانم جارێکی دیکە پێداگریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر جێگیرکردنی پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی خەباتی خۆی، واتە هەوڵدان بۆ دێموکراسی، مافی چارەی خۆنووسین، مافی مرۆڤ، دادپەروەری، پێشکەوتن، ئاشتی و پێکەوەژیان لە کۆمەڵگای رزگارکراوی پاش بە چۆکداهێنانی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهدا دووبارە بکەمەوە.

هەروەها بە پێویستی دەزانم لە ٦٩مین ساڵیادی دامەزرانی حیزبەکەماندا یادی هەموو شەهیدە سەربەرزەکانمان، بە تایبەتی قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی بەرز رابگرین و لەگەڵ ئارمانجە پێرۆزەکانیان پەیمان نوێ بکەینەوە و موژدەیان پێ بدەین کە رۆڵەکانی ئەمڕۆی حیزبە شۆڕشگێڕەکەمان تا گەیشتن بە لووتکەکانی سەرکەوتنی یەکجاری و گەیشتن بە ئاواتەکانی ئەوان و هەموو تاکێکی مافخوازی کورد و کوردستان لە سەنگەری بەرگری و تێکۆشاندا دەمێننەوە.

شکۆدار بێت ٢٥ی گەلاوێژ، ٦٩مین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
بڕووخێ قەڵای تێرۆریزم، دیکتاتۆری و کۆنەپەرستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران
بەردەوام بێت برایەتی و پێکەوەژیانی گەلان
سەرکەوتن بۆ خەباتی رزگاریخوازانەی کورد و کوردستان