کوردستان میدیا

پێنجشەممه 11ی سەرماوەز 2721
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جادەکانی کوردستان کە بە "جاده‌ی مه‌رگ" ناسراون، بەردەوام قوربانی دەگرن

18:52 - 22 خەزەڵوەر 2721

خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ گشتی‌ و خه‌ڵكی‌ سنه‌ به‌ تایبه‌تی‌ به‌هۆی‌ بارودۆخی‌ مەترسیداری جاده‌كان قوربانی دەدەن.

له‌ شاری‌ سنه‌ ڕۆژانه‌ چه‌ندین كه‌س به‌ ڕووداوی هاتوچۆ گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و چه‌ندین كه‌سیش بریندار دەبن و ڕۆژ نییه‌ چه‌ندین ماڵ‌ بۆ كه‌سوكاریان پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی‌ دانه‌نێن كه‌ به‌هۆی‌ ڕووداوی هاتوچۆە گیانیان له‌ده‌ست داوه.

جاده‌كانی‌ كوردستان له‌نێو خه‌ڵک به‌ "جاده‌ی‌ مه‌رگ" و ماشینه‌كانیش به‌ "تابووت" ناویان ده‌ر كردووه‌.

خه‌ڵك به‌رده‌وام  له‌گه‌ڵ‌ داموده‌زگاکانی ڕێژیم پەیوه‌ندی ده‌گرن و داوای‌ چاره‌سه‌رکردنی ئەو کێشەیە ده‌كه‌ن، به‌ڵام هیچ لایه‌نێكى ڕێژیم و‌ڵامده‌ر نییه‌. ته‌نیا له‌ كاتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڵێنیی‌ درۆیینیان پێ‌ ده‌ده‌ن و دوای‌ ده‌نگدان خۆیان ون ده‌كه‌ن.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ سپای‌ پاسداران كارخانه‌كانی‌ دروستكردنی‌ ماشینی‌ خستووەته‌ ژێر ڕكێفی‌ خۆیه‌وه ‌و ماشینی‌ بێ‌ كوالێتی و به‌ وته‌ی‌ خه‌ڵک "تابووت" ڕادەستی‌ خه‌ڵک ده‌کات و خه‌ڵكیش به‌ ناچار ده‌یكڕن.

ئێستا زۆربه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ له‌ گۆڕستان ده‌نێژرێن نه‌ک به‌ مردنی‌ ئاسایی‌ یان به‌هۆی‌ نه‌خۆشی‌، به‌ڵكوو به‌هۆی‌ ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و زۆربه‌شیان ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ لاون.