کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جان بۆڵتۆن پێکهاتنی دەوڵەتی کوردی بە چارەسەرییەک بۆ ناوچەکە دەزانێت

12:26 - 15 رێبەندان 2720

ڕاوێژکاری پێشووی تەناهیی نەتەوەیی ئامریکا لە کابینەی "دانڵد ترامپـ"ـدا وتوویەتی؛ پێویستە کابینەی سەرکۆماری نوێ زیاتر پشتیوانیی کورد بکات و ناکرێت ڕێگە بدرێت ناوچەکە لەژێر هێژمۆنیی ڕێژیمی ئێراندا بێت.

"جان بۆڵتۆن" ڕاوێژکاری پێشووی تەناهیی نەتەوەیی ئامریکا لە کابینەی "دانڵد ترامپ" ڕایگەیاندووە تاکە چارەسەر بۆ چارەسەریی کێشەکە لە ناوچەکەدا، دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانە و پێویست دەکات کابینەی "بایدن" زیاتر گرینگی بە پرسی کورد بدات.

ناوبراو ڕایگەیاندووە، ئێستا زووە بۆ ئەوەی بزانرێت کابینەی نوێی ئامریکا چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات، ئێستا ئیدارەی بایدن خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەیە.

بۆڵتن هەروەها وتوویەتی: "نازانم کورد دەکەوێتە کوێی هاوکێشەی سیاسەتی بایدنەوە، بەڵام ئەوە ڕوونە کە بایدن نایهەوێت داعش بگەڕێتەوە و هێزەکانی ئامریکا لە ناوچەکە دەهێڵێتەوە و درێژە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەدات و پشتیوانیی کورد دەکات".

بۆڵتن لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە ئەوەی کە کورد لە کام هاوکێشەدایە وتوویەتی: "لە سەدەی ٢١ـەکەمدا گەورەترین کێشە بۆ ئامریکا چینە، دوای چین لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا پێویستە هێزە عەرەبییەکان یەک بخرێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران و بۆ پاراستنی هەموو لایەک و لە نێوانیاندا کورد، گرینگە کابینەی بایدێن ئەو کارە بکات و پێش بە هێژمۆنیی ئێران لە ناوچەکەدا بگرێت".