کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جاوید ڕەحمان: کوردەکان بەرزترین ڕێژەی ئێعدامکراوان لە ئێران پێک دەهێنن

11:48 - 20 رەشەمه 2720

''جاوید ڕەحمان'' ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران، لە ٤٦ـەمین خولی کۆبوونەوەکانی شۆرای مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، بەنیسبەت ڕێژەی بەربڵاوی ئێعدامەکان و سەرکوتی خەڵکی ناڕازی و پێشێلکردنی مافی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بەتوندی نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

ناوبراو بەنیسبەت کوژراوانی خۆپیشاندانی خەزەڵوەری ٩٨ لە ئێران وتی، باوەڕ ناکرێت کە ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستا لێکوڵینەوەیەکی گونجاوی لەمەڕ کەڵک وەرگرتن لە توندوتیژیی مەرگهێنەر دژی خۆپیشاندەران ئەنجام نەداوە و هیچ کەسی لە هەڵەکاران ناچار بە وڵامدانەوە نەکردووە.

''جاوید ڕەحمان'' لە ڕاپۆرتی خۆیدا، دەرکردن و بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدام، بەتایبەت ئێعدامی خەڵکی کورد، عەرەب و بەلووچ و منداڵانی مەحکووم کرد.

ڕێپۆرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێوەندی لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکاندا، باسی لە کوشتاری زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتیی بەلووچ و گرتنی زیاتر لە ١٠٠ تێکۆشەری مەدەنیی کورد کرد.

ڕێپۆرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان، لەمەڕ خراپتربوونی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران بەتایبەت لەسەر پرسی سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردن لە یاسا و کردەوەدا دژی ژنان و کچان و هەروەها مارەکردنی پێشوەختی کچانی مێرمنداڵ، نیگرانیی قووڵی خۆی دەربڕی.

هەروەها لە ٤٦ـەمین خولی کۆبوونەوەکانی شۆرای مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا، ''تەیموور ئەلیاسی''، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان-ژنێڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وتارێکی هاوبەشی لەلایەن چوار ڕێکخراوی فەڕانسەویی "پێکەوە خەبات دژی سزای لە سێدارە"، "کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان-ژنێڤ"، "ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران" و "ناوەندی عەبدولڕەحمانی بروومەند" پێشکەش کرد.

''ئەلیاسی'' لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی، سەرەڕای نیگرانیی قووڵمان، سەرنجی شۆرای مافەکانی مرۆڤ ڕادەکێشین بۆ ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران لە سزای ئێعدام وەک ئامرازێکی سیاسیی سەرکوت بەتایبەت دژی گەلانی کورد، بەلووچ و عەرەب کەڵک وەردەگرێت، هەروەک چۆن لە ڕاپۆرتی ڕێپۆرتێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، کوردەکان بەرزترین ڕێژەی ئێعدامکراوان لە ئێران پێک دەهێنن.

لەو دانیشتنەدا، نوێنەری ڕێژیمی ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دژکردەوەی توندی دژی ڕاپۆرتەکەی ''جاوید ڕەحمان'' نیشان دا و دەستنیشانکردنی ڕێپۆرتێری نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ ئێران وەک بڕیارێکی سیاسی ناو لێ برد.